بە ئامادەبوونی سەرۆكی (بۆردی میترۆ) و ئەندامانی بۆرد و ستافی سەرەكی كۆبونەوەی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بەرێوەچوو.
كۆبونەوەكە هەڵسەنگاندنی بۆ كارو چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ كرد بۆ ساڵی رابردوو، ستایشی ئەركی ستاف و خۆبەخشەكان كرد لە شارەكانی كوردستان بە تایبەتیش رۆڵی ستافی خۆبەخشان لە هەولێر.
لە كۆبونەوەكە بە شێوەیەكی رەخنە گرانە، هەڵسەنگاندن بۆ گوتاری سەنتەر، چالاكییەكان، ئەدائی رۆژانە، ماركێتین، پەیوەندییەكان، هەروەها شەراكەتی و كاری هاوبەش لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆییەكان، خۆبەخشان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
بۆ هەموو ئەو بابەتانە پێشنیازی چەند بریارو راسپاردەیەكی تایبەت خرانە روو، تا لە كۆبونەوەی (بۆردی سەنتەری میترۆ) بریاری كۆتاییان لەسەر بدرێ.
پاش كۆبونەوەی هاوبەش، ئەنجومەنی باوەڕپێكراوانی سەنتەری میترۆ كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، بریارەكانی تایبەت بە ناوخۆی سەنتەر لە نامەیەكی ناوخۆیدا لە گروپ بڵاودەكرێتەوە.
كۆبونەوەی ئەنجومەنی باوەڕپێكراوان بە ئامادەبوونی راوێژكاری یاسایی سەنتەری میترۆ پارێزەر شوان جەمال دارا، بەرێوەچوو.
ئەنجومەنی باوەڕپێكراوان كە باڵاترین دەسەڵاتە لە سەنتەری میترۆ، رۆژنامەنوس( ئاوات عەلی) سەرۆكی ئەنجومەنەكە بوو، بەهۆی سەرقاڵی بە خوێندن داوای كرد بیەخشن لەو ئەركە و هەڵبژاردن بۆ سەرۆكێكی نوێ بكرێت.
ئەندامانی ئەنجومەن سوپاسی رۆژنامەنوس (ئاوات عەلی)یان كرد كە سەرباری سەرقاڵی توانی پەیوەندی نێودەوڵەتی سەنتەر بگەینێتە ئاستێكی زۆر باش.
لە هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن ( رەحمان غەریب) وەك سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردا، پێشتر وەك ئەندامی ئەنجومەن و رێكخەر كاری كردووە.
بە پێی ماددەی شەشەم لە پەیڕەوی ناوخۆی سەنتەری میترۆ یەكێك لە ئەركەكانی ئەنجومەنی باوەڕپێكراوان( (دامەزراندنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن)ە، ئەنجومەن ئەم ناوانەی خوارەوەی هەڵبژارد وەك دەستەی بەرێوەبردن:
• دیاری محمد، بەرێوەبەر
• ئەسعەد عەلی جێگری بەرێوەبەر
• شوان جەمال، راوێژكاری یاسایی
• ئەمەل محمود ، پەیوەندییەكان
• جوانرۆ عومەر، دارایی و كارگێڕی
بەشێكی كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ باری دارایی و بودجەی ساڵی ئایندە و پرۆژەكانی، و بریاری پێویستیان لەبارەوە درا.