میدیا لە ژێر گەمارۆی دیجیتاڵیدا




میترۆ
سلێمانی، 3ی ئایاری 2022: رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسی سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هەڵسەنگاندن بۆ ئەدائی خۆی بكات، یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان بكاتە بنەما لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادی راگەیاندن و زانیاری و بیرورا.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (یۆنسكۆ) ئەمساڵ بە دروشمی " میدیا لە ژێر گەمارۆی دیجیتاڵیدا"  یادی ئەم رۆژە دەكاتەوە، جەخت لە رۆڵی میدیا ئەلكترۆنی دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوە زانیاری بەڵام ئاڵانگارییەكانیش داخاتە روو بۆ رووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و گوتاری رقوكینە و ئاشكراكردنی نهێنی كەسی.

ئەمساڵ  رێكخراوی یۆنسكۆ ریاگەیاند كە  لە پێنج ساڵی رابردودا لە 85% هاوڵاتیانی دونیا، وڵاتەكانیان ئازادی رۆژنامەگەری تیایدا لاواز بووە، 400 رۆژنامەنوس بە هۆی كارەكانیانەوە كوژراون، داهاتی رێكلام 50% داشكاوە، جەختدەكاتەوە كە تەكنیكی نوێی میدیا لە هەموو كات زیاتر زانیاری بڵاودەكاتەوە بەڵام لە هەمان كاتدا هەواڵی چەواشەو گوتاری رقوكینەو ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و چاودێریكردن زیادیكردوە.

لەم رۆژەدا كە جیهان رێز لە میدیاكارانی دەگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی ووڵاتەكانیان دەكەن ، سەنتەری میترۆ بە پێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە راپۆرتی رێكخراوە ناوخۆیی جیهانییەكان هەڵسەنگاندن بۆ ئەدائی خۆی بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ فراوانكردنی ئازادییەكان یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان بكاتە بنەما لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادی راگەیاندن و زانیاری و ئازادی بیرورا.
.

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستانی عێراق، لەگەڵ جیهاندا ئەم یادە دەكاتەوە، بوونی میدیای سەربەخۆ و زەمینە خۆشكردن بۆ نەشونماكردنی بە بێ فشارو هەرەشە و بەربەستدانان زۆر گرنگن،جەختدەكەینەوە لەسەر پرەنسیپەكانی پێشوومان كە "بەبێ میدیای ئازاد و كاراكردنی پرۆسەی رەخنەگرتن و چاودێری، دەسەڵاتی ستەمكاری شوێن بە دیموكراسیەت لێژدەكات".
بەداخەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی لەناوەوە و دەرەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان وعێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ.

(سۆرانی مامەمە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، مامۆستا عبدالستار، ئەركان شەریف، ویدات حسێن) نمونەی زەقی ئەو قوربانیانەن ، كە بكەران یان پلانداڕێژەری ئەم تاوانانە، نەناسراون یان ناسراون و بە ئازادانە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە.

سەربەرزی بۆ شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستان



PM:12:31:03/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌