بەهۆی شەڕی نێوان یەبەشە و سوپای عێراقەوە 701 خێزان لە شنگالەوە ئاوارەی دهۆک بوون





میترۆ، ڕووداو
بەهۆی شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشە تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە شنگالەوە ئاوارەی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک بوون.
 
دوای دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان سوپای عێراق و یەبەشەدا لە شنگال، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی لای خەڵک دروستبوون، هەزاران کەس ئاوارەی نێو کەمپەکانی پارێزگای دهۆک بوون، تەنیا لە رۆژی 2ی ئایاردا لانیکەم 701 خێزان ئاوارە بوون.
 
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە یەک رۆژدا و بەهۆی ئاڵۆزییەکانی شنگالەوە تاوەکو کاژێر 01:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئایار، 701 خێزان ئاوارەی پارێزگای دهۆک بوون کە ژمارەی ئەندامانی ئەو خێزانانە چوار هەزار و 83 کەسن.
 
لەنێو کەمپەکانی پارێزگای دهۆک 27 هەزار خێزان دەژین، لە دەرەوەی کەمپەکانیش 37 هەزار و 800 خێزان دەژین، نزیکەی نۆ هەزار خێزان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام بەهۆی هەستکردنیان بە نائارامی لە ناوچەکەیان، جارێکی دیکە بەشێک لەو خێزانانە ئاوارە بوونەتەوە.


PM:12:40:03/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌