قوباد تاڵەبانی پێشنیازی دروستکردنی مۆنۆمێنتێک دەکات بۆ یادی رۆژنامەنووسانی شەهید




جێگری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند ئەو نوسەرو رۆژنامەنوسانەی بە هۆی ئازادی رادەربڕین یان پیشەكەیان تیرۆر كراون یادو یادەوەریان بە زیندووی دەمێنێتەوە.

ئەمرۆ 3ی ئایاری 2022، لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، قوباد تاڵەبانی جێگری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆی كرد و لەلایەن ستافی رێكخراو پێشوازی گەرمی لێكرا.

لەو دیدارەدا، هەریەك لە هەژان خالید و دیاری محمد هەندێ وێستگەی گرنگی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیان خستەڕوو و بە تایبەتیش باسیان لە رەوشی ژنانی میدیاكار کرد. هەروەها بە وردی باسیان لە ئاماری ساڵی رابردووی پێشێلكارییەکان و رەوشی رۆژنامەنوسانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان کرد. هەر لە دیدارەکەدا بەڕێوەبەری رێكخراوی بەدیل، ئارام سەعید تیشكی خستە سەر كێشەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ حكومەت .

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی ئەم رۆژەی لە هەموو میدیاكاران كرد و رایگەیاند پیشكەوتنی میدیا لە كاغەزەوە بۆ ئەلیكترۆنی دەسكەوتێکی گرنگە بۆ مرۆڤایەتی لە خێرا گەیشتن بە زانیاری لە زیاتر لە سەرچاوەیەك و ووتی "بەڵام ئەم پێشكەوتنە لە بواری دیجیتاڵی کێشەی خۆی هەیە بە تایبەتیش كاتێك دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاشكراكردنی نهێنی كەسیی هاوڵاتیان و هەرەشە لە ژنان و بڵاوکردنەوەی زانیاری فەیک". جەختیكردەوە "بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم ئاستەنگانە كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراوەكانی داكۆی لە ماف و ئازادییەكان دەبێت رۆڵی گرنگ ببینن".

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند رۆژنامەنوسان و نووسەران، كاتێك لەسەر پیشەكەیان یان ئازادی و بیروڕا تیرۆر دەكرێن پەڵەی شەرمە بەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان. ووتیشی "بیرۆكەی ئەوەم هەیە پێكەوە کار بکەین بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێك بۆ قوربانییەكان".

هەرەها ووتی "پلانمان هەیە شوێنێك بۆ كاری هاوبەشی رۆژنامەنوسان دروست بكەین بێبەرامبەر ئۆفیسی خۆیانی تێدا دابنێن".



PM:06:58:03/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌