قوباد تاڵەبانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە




میترۆ, PUKmedia

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا رایدەگەیەنێت: میدیاكاران نەشونماپێكردنی ژیانی دیموكراسی، فراوانكردنی پانتایی ئازادییەكانن لەهەرێمی كوردستان، ئەگەرچی پێشێلكارییەكان دەرهە‌ق بە رۆژنامەنووسان لەهەرێمەكەمان تا دێت بەرەو كەمبوونەوەیە، بەڵام هێشتا لە ئاست خواست و ویستی هەموو لایەكماندا نییەو پێویستە بەتەواوی كۆتایی بەپێشێلكردن دژ بەڕۆژنامەنووسان بهێنرێت.

پەیامی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری
رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، بەرز رادەگرم، ٣-٥ی هەموو ساڵێك و دیاریكردنی ئەو رۆژە وەك رۆژی هەڵوەستەكردن لەسەر ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و  رادەربڕین لەجیهاندا، ماناو لێكدانەوەیەكی گرنگ بەئازادییەكان دەبەخشێت.
رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، بۆ بەئاگاهێنانەوەی خەڵكە، كەوا رۆژنامەنووسە ئازاكان، بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانییاری و راستییەكان گیانی خۆیان دەبەخشن و لەپێناو خەڵك و بۆ خەڵك دەبنە قوربانی و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، بۆ ئەوەیە كە سیستەم و حكومەتەكان، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی ئازادییەكانی رادەربڕین و  راگەیاندن و رۆژنامەنووسی بكەن. تا لەوێوە پانتایی ئازادییەكان فراوان بكرێن و بەربەستەكانی بەردەم ئازادییەكان كەم بكرێنەوەو زەمینەسازی بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەو بەرەو پێشچوونی ئازادییەكانی رۆژنامەنووسی و رادەربڕین بكرێت.

رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەگەرچی پێشێلكارییەكان دەرهە‌ق بە رۆژنامەنووسان لەهەرێمەكەمان تا دێت بەرەو كەمبوونەوەیە، بەڵام هێشتا لە ئاست خواست و ویستی هەموو لایەكماندا نییەو پێویستە بەتەواوی كۆتایی بەپێشێلكردن دژ بەڕۆژنامەنووسان بهێنرێت.

میدیاكاران، نەشونماپێكردنی ژیانی دیموكراسی...فراوانكردنی پانتایی ئازادییەكان لەهەرێمی كوردستان، پێویستی بەهەماهەنگی هەموو لایەكمان هەیە،بەیەكەوە دیموكراسی بەرەو  جێگیری بەرین و نەهێڵین ئازادییەكان بكەونە ژێر هەڕەشەو مەترسییەوە.

كاردەكەیین بۆ بەرەوپێشچوونی ئازادییەكان، چونكە بێگومان ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و رادەربڕین، لە سەرەكیتریین و بنچینەیتریین مافەكانی مرۆڤن.دەخوازم رۆژنامەنووسان بەگیانی بەرپرسیارێتی و لەپابەندبوون بەئیتیكی رۆژنامەنووسی بەردەوامبن و ناوەندە بەرپرسەكانیش هاوكارو پاڵپشتی زیاتری رۆژنامەنووسان بن.

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
 ٣-٥-٢٠١٥



PM:07:06:03/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌