لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی دەڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان "پێدەچێت" رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانیان کوشتبێت




میترۆ, VOA

لە یادی ١٢ ساڵەی کوشتنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی، کە سێ رێکخراوی بەناوبانگی جیهان ئەنجامیانداوە، دەڵێت دەسەڵاتدارانی کورد "پێدەچێت راستەوخۆ بەشداربووبن" لە کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە ٢٣ ساڵانەدا، رۆژێک دوای رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری جیهانی.

راپۆرتە ٤٣ لاپەڕەییەکە رۆژی چوارشەممە لەلایەن جیهانێکی ئارامتر بۆ ڕاستی بڵاوکراویەوە. جیهانێکی ئارامتر بۆ ڕاستی دەستپێشخەرییەکی هاوبەشی چاپەمەنی ئازادی بێسنوور و لیژنەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی بێ سنوورە.

لە راپۆرتەکدا نوسراوە، " ئەم ڕاپۆرتە کەموکوڕییەکی زۆر لە لێکۆڵینەوەی فەرمی لە ڕفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت ئاشکرا دەکات و ئەو بانگەشە باوەڕپێکراوانە دەخاتەڕوو کە دەسەڵاتدارانی کورد ڕاستەوخۆ بەشداربوون لەو کوشتنەدا."

راپۆرتەکە دەڵێت لێکۆڵینەوەکەیان پشتی بەستووە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەیان شایەتحاڵ، فایل و لێدوانی فەرمی و پێداچوونەوە بە وێنەی سەتەلایتی و بەڵگەی فۆتۆگرافی و ئامانجیان "وردبینیکردن بوو لە لێکۆڵینەوە فەرمییەکە و ئاشکراکردنی ئەنجامی نوێ سەبارەت بە کوشتنی سەردەشت."

تەرمی سەردەشت لە رۆژی 6/5/2010 دۆزرایەوە، دوو رۆژ دوای ئەوەی لە بەردەم کۆلێژەکەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕفێنرا و ئاسەواری فیشەک بەسەریەوە دیاربوو.

لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخراوی ئەنسار ئەلئیسلامی تیرۆریستی بە کوشتنی سەردەشت تۆمەتبارکرد، ئەم لێکۆڵینەوە تازەیە ئاشکرای دەکات کە سەردەشت پێدەچێت بەهۆی گوتارێکەوە کوژرابێت کە ساڵێک پێشتر نوسیبووی و تیایدا رەخنەی لە سەرۆکی پێشووی هەرێم، مەسعود بارزانی گرتبوو.

گوتارە تەنزئامێزەکە لە ژێر ناونیشانی، "من عاشقی کچەکەی بارزانیم،" رەخنەی توند لە نیپۆتیزم (خزم-خزمێنە) و گەندەڵی بنەماڵەی بارزانی گرتبوو. پسپۆڕان دەڵێن هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەیان ساڵە کۆنترۆڵی کوردستانیان کردووە و سامانێکی زۆریان لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی حکومەتی هەرێم، دەزگاکانی ئاسایش و سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمەکەوە کۆکردووەتەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد تا لەبارەی راپۆرتەکەوە سەرنج بدات بەڵام وەڵامی دەستنەکەوت. بارزانی پێشتر نکۆڵی لەوەکردبوو دەستی لە کوشتنی سەردەشتدا هەبووبێت.

جووڵ سوینکڵس، لێکۆڵەری سەرەکی راپۆرتەکە، دەڵێت، "کەیسی سەردەشت عوسمان نیشاندەری ئەوەیە کە دەکرێت رۆژنامەنووسان چیان بەسەربێت کاتێک سنوورە دیاریکراوەکانی ئازادی رادەربڕین دەبەزێنن. سەردەشت بەشێوەیەکی تەنزئامێزانە لەبارەی کەسایەتییە بەهێزەکانی کوردستان نوسی و بەوهۆیەوە تیرۆرکرا. "

لیژنەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان دەڵێت لە کوژرانی سەردەشتەوە لانیکەم ٢٢ رۆژنامەنووس کوژراون و هەندێکیان لە هەرێمی کوردستان بوون.

راپۆرتەکە داوای لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا و بەریتانیا کردووە، وەکو ئەو وڵاتانەی کە هاریکاری دارایی و سەربازی بۆ هەرێمی کورستان دابین دەکەن، فشاربخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم تا دووبارە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی لە کەیسی کوشتنی سەردەست ئەنجامبداتەوە.



PM:04:05:05/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌