رۆزا ساڵح، کچە کوردێکە کە بەر لە 20 ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی عیراق-یان بەجێهێشتووە و وەک پەنابەر رووی کردووەتە بەریتانیا، لە ئێستاشدا وەک یەکەم پەنابەر بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی گڵاسکۆ هەڵبژێردراوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، رۆزا ساڵح، کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر رووی کردووەتە بەریتانیا و دواتر بووەتە ئەندام لە پارتی سەربەخۆخوازانی سکۆتلەندا SNP، لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی وەک یەکەم پەنابەر بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی گڵاسگۆ هەڵبژێردرا.
لە دوای سەرکەوتنەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، "هەرگیز بڕوام نەدەکرد کە بگەمە ئەم ئاستە و وەکو کچە پەنابەرێک ببمە ئەندامی شارەوانی یەکێک لە شارە بەناوبانگەکانی سکۆتلەندا."
هەروەها دەشڵێت، "من 20 ساڵ لەمەوبەر وەک پەنابەر رووم کردووەتە ئێرە ئێستا دەبم بە ئەندامی ئەنجومەنی شاری گڵاسگۆ، زۆر سوپاسی بنەماڵەکەم و خەڵکی ئەم شارە دەکەم کە متمانەیان بە تواناکانی من هەیە، باوەر ناکەم گەیشتوومەتە ئەم ئاستە".
رۆزا جەختیشی کردەوە لەوەی کە هەوڵی زیاتر دەدات بۆ خزمەتکردنی شارەکە و وتی، "هەموو کارێک دەکەم بۆ پێشخستنی شارەکە، وەک ئەندامێکی پەنابەر هەوڵدەدەم بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پەنابەران لە سکۆتلەندا، چونکە کاتێک وەک پەنابەر دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەیت زۆر ئەستەمە".