نەتەوە یەکگرتووەکان: 6.5 ملیۆن منداڵ لە سووریا پێویستیان بە هاوکاری هەیە




میترۆ, رووداو 

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ملیۆنان منداڵ لە سووریا لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و پێویستیان بە هاوکارییە. 
 
رۆژی یەکشەممە 8ـی ئایاری 2022، ئاژانسی تایبەت بە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان- یونسێف راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی مرۆیی منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە 6.5 ملیۆن منداڵی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە نێوخۆی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دەوروبەریدا پێویستیان بە هاوکارییە. 
 
عادل خدر، بەڕێوەبەری یونیسێف لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە راگەییندراوێکدا دەڵێت، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 213 منداڵ لە سووریا کوژراون یان برینداربوون، دەشڵێت لە ساڵی 2011ـەوە 13 هەزار منداڵ کوژراون یان برینداربوون، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە چەندیان کوژراون و چەندیان برینداربوون. 
 
عادل خدر ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ ساڵی 2022 کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە هاوکارییەی کە بۆ هاوکاریکردنی منداڵان لە سووریا پیویستیان پێیەتی، بەدەستیانگەیشتووە و دەشڵێت، پێداویستیی منداڵان لەنێوخۆی سووریا و وڵاتانی دراوسێیدا لە بەرزبوونەوەدایە. هاوکات داوای 20 ملیۆن دۆلار هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی پێداویستیی یەک ملیۆن منداڵ لە باکووری رۆژئاوای سووریا پڕبکەنەوە. 
 
رێکخراوی یونیسێف داوای وەبەر‌هێنان لە کەرتەکانی خزمەتگوزاریی گشتی وەکو خوێندن، ئاو و خۆراک و تەندروستی دەکات.


PM:12:19:08/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌