میترۆ, رووداو
لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی شلێسڤیگ هۆلشتاینی باکووری ئەڵمانیا کە رۆژی یەکشەممە 8-05-2022 ئەنجامدراون پارتی کریستیان دیموکرات لە ریزی یەکەم بوو و، کچێکی کوردیش بۆ یەکەمجار لە نێو ریزەکانی ئەو پارتەدا دەگاتە پەرلەمانێکی هەرێمێکی ئەڵمانیا.
سەیران پاپۆ، بەربژێری پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا CDU لە بازنەی رۆژهەڵاتی شاری کیلی پایتەختی هەرێمی شلێسڤیگ هوڵشتیان بە دەنگی راستەوخۆی دەنگدەران متمانەی پێدراوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێتە پەرلەمانتار لەو هەرێمە.
لە بازنەکەی سەیران، خۆی و کچێکی دیکە بە ناوی سەرپیل میدیاتلی کە باوک و دایکی خەڵکی باکووری کوردستانن و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیایە SPD لە پەرلەمانی هەرێمەکە کێبڕکێیان دەکرد. لە ساڵی 1947 بۆ یەکەمجارە پارتی کریستیان دیموکرات لەو بازنەیە بە دەنگی راستەوخۆ سەردەکەون.
پێش هەڵبژاردنەکان سەیران پاپۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "دەمەوێت کار بۆ بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەم هەرێمە بکەم، هەموو منداڵەکان بتوانن بە زمانی دایک بخوێنن و ببمە دەنگی بیانییەکان لە پەرلەمان".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی فەرمی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا CDU بە رێژەی 43.4٪ لە ریزبەندیی یەکەم دێت و پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە ریزبەندیی دووەم بە 18.3٪ و پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا SPD بە 16٪ لە ریزبەندیی سێیەم دێت، ئەوەش دوای لە دەستدانی 11.4٪ـی دەنگەکانی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017.
پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا AfD کە بە راستڕەوی پۆپۆلیست لە نێو رای گشتیی ئەڵمانیا دەناسرێت، نەیتوانی بەربەستی 5٪ی دەنگدەرانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنێت. بەم ئەنجامەش پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 10 ساڵ، لە یەکەم پەرلەمانی هەرێمەکان ماڵئاوایی دەکات، لە ساڵی 2017 لە 16 هەرێمی ئەڵمانیا متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنابوو.