میترۆ, رووداو
بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی خۆبەخشی گیرکراوانی بادینان دەڵێت بڕیارە رۆژی سێشەممە یان چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بێریڤان ئەیوب، کە یەکێکە لە گیرکراوانی بادینان ئازادبکرێت و دەڵێت: "دەبووایە پێش جەژنی رەمەزان لە زیندان ئازاد بکرێت، بەڵام دواکەوت."
رۆژی سێشەممە، 10-5-2022، بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی خۆبەخشی گیراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێککارەکانی ئازادکردنی بێریڤان ئەیوب کچە چالاکڤانی بادینان تەواو بووە و تەنیا ئازادکردنی ماوە، کە دەبوو پێش جەژنی رەمەزان لە زیندان بێتە دەرەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناسنامەکەی لەنێو دۆسیەکەدا نەبوو و بەهەوڵی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ئاسایش وەرگیرایەوە، بۆیە ئازادکردنەکەی کەوتە رۆژی سێشەممە یان چوارشەممەی ئەم هەفتەیە."
بەشدار حەسەن، گوتی: "بێریڤان بەمەرج ئازاد دەکرێت و چاوەڕوانین هاوشێوەی شێروان تەها و مەسعود شنگالی ئازاد بکرێت."
هەر ئەو پارێزەرە رۆژی دووشەممە 6-3-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، دادگەی هەولێر هەر یەک لە بێریڤان ئەیوب و عەبدولموتەلیب رەمەزانی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادا، گوتیشی دادگاییەکە بەگوێرەی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمان، لەلایەن سەرۆکایەتی دادگەی تاوانی دووی هەولێرەوە بەڕێوەچوو.
یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 تایبەتە بە هەموارکردنەوە و لە کارخستنی چەند مادەیەکی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969 یاسای سزاکانی عێراق.
بەشدار حەسەن گوتی: "بێریڤان لە دادگە ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە ئاراستەی کرابوون و گوتی، ئەوەی هەیە لە فەیسبووک پۆستم کردووە و رەخنەم گرتووە".
رۆژی 16-2-2021 دادگەی تاوانی هەولێر، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار حەمەدەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. دواتر بە مەرسوومێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزای چوار لە دەستگیرکراون 60% کەمکرایەوە و شێروان شێروانیش 50%ی سزاکەی کەمکرایەوە، بەوهۆیەوە لە شەش مانگی داهاتوودا ئازاد دەکرێن.