رۆژنامەڤانێکی کەناڵی جەزیرە کوژرا




میترۆ, رووداو 

شیرین ئەبوعاقلە، پەیامنێری کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە کاتی رووماڵکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە کەمپی جنین لە کەرتی رۆژئاوا کوژرا. کەناڵەکە دەڵێت، بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە و سوپای ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "پێدەچێت لەلایەن فەلەستینییەکانەوە تەقەی لێکرابێت."
 
کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، پەیامنێرە 50 ساڵییەکەیان لە کاتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جنین بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی کەناڵە قەتەرییەکە، شیرین ئەبوعاقلە هێلەکی گولـلەنەبڕی لەبەربووە کاتێک گوللـەی هێزەکانی ئیسرائیلی بەرکەوتووە و بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانیلەدەستداوە.
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین پشتڕاستیکردەوە کە شیرین ئەبوعاقلە گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە، گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە شاری جنین و دواتر گیانیلەدەستداوە.
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، هێزەکانی وڵاتەکەی لەنزیک کەمپی جینین بوون بۆ دەستگیرکردنی "تۆمەتبارانی تیرۆر." ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە کەمپی جینین، گومانلێکراوان تەقەیەکی زۆریان کردووە بە ئاراستەی هێزەکانمان و تەقەمەنییان هەڵداوە. هێزەکانی ئیسرائیلیش بەرپەرچیان داونەتەوە،" ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێدەچێت رۆژنامەڤانەکەی جەزیرە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە تەقەی لێکرابێت.
 
شیرین ئەبوعاقلە لە ساڵی 1971 لە قودس/ئورشەلیم لەدایکبووە، لە رامەڵا نیشتەجێ بوو، کۆلێژی ئەندازیاری بیناسازیی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا لە ئوردن تەواوکردووە، دواتر چووەتە بەشی رۆژنامەڤانی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بەدەستهێناوە.
 
دوای تەواوکردنی زانکۆ گەڕاوەتەوە فەلەستین و لە چەندین رادیۆی وەک، دەنگی فەلەستین، کەناڵی ئاسمانیی عەممان، دەزگای مفتاح و رادیۆی مۆنتیکارلۆ کاریکردووە، لە ساڵی 1997 بووەتە کارمەندی کەناڵی جەزیرە و تاوەکو کاتی کوژرانی لە 11ی ئایاری 2022 لە کارکردن بەردەوام بوو.



PM:12:26:11/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌