سەنتەری میترۆ بەشداری فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی رنگ دەکات




فرمان عەبدولرەحمان رۆژنامەنوس و راهێنەری بواری رۆژنامەوانی مۆبایل (مۆجۆ) بە نوێنەرایەتی سەنتەری میترۆ بەشداری فێستیڤاڵی میدیا پرۆدەکشن و تەکنەلۆجیای کرد کە گەورەترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بواری مۆجۆو پرۆدەکشن و رۆژنامەوانی هاوچەرخە.
فیستیڤاڵەکە ئەمڕۆ 11/5/2022 لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستی پێکردو بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت. فرمان عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەکرد رۆژی یەکەم لە چەند گۆشەیەکی جیاوازی ڤێستیڤاڵەکەدا پانێڵی گرنگ هەبوون یەکێک لە پانێڵەکان بۆ گفتوگۆی هەردوو رۆژنامەنوس کارلین وایت و دەرهێنەری دۆکیۆمێنتاری لویس سیراوکس تەرخانکرابوو کە باسیان لە ئایندەی کاری رۆژنامەوانی دەکرد لە روانگەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو کاراکتەرەکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەکو یوتیوبەرو سناپەرو تیکتۆکەر کە بە بڕوای ئەو دوو رۆژنامەنوسە کاراکتەرەکانی سۆشیاڵ میدیا بە مەودایەکی زۆر سنورەکانی هاوڵاتی رۆژنامەنوس یان سیتیزن جۆرنالیستیان بڕیوەو بەوەش هەموو پێوەرەکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە.
هاوکات فرمان عەبدولرەحمان کە خاوەنی کتێبی (رێبەری رۆژنامەوانی مۆبایل)ە لەلایەن سەنتەری میترۆوە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوکراوەتە، باسی لەوەشکرد گۆشەی مۆجۆ لە ڤێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەک سیمیناری زانستی گرنگ پێشکەشکران  لەبارەی رۆژنامەوانی مۆبایل و ئەگەرەکانی پەرەسەندن و فراوان بونی ئەو بوارە نوێیەی میدیا لەلایەن چەند راهێنەرو شارەزایەکی نێودەوڵەتی ئەو بوارە پێشکەشکران لەوانە گلین مولکاهی کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی مۆجۆ هەژمار دەکرێت. 
لە بەشێکی تری فێستیڤاڵەکەدا کۆمپانیا گەورەکانی بواری پرۆدەکشن و تەکنەلۆژیای میدیایی بەرهەم و کارە نوێ و هاوچەرخەکانی خۆیان نمایش کردبوو، لەوانە کۆمپانیای رێد و کینۆفلو ئەڤیدو چەندانی دیکە. هەروەها چەندین کۆمپانی دیکەی بەرهەمهێنەری ئەپڵیکەیشنی گرنگ لەبواری مۆجۆدا لە پێشەنگاکەدا بەرهەمە نوێکڵنی خۆیان نمایش کردبوو لەوان ئەپڵیکەیشنی ئەلایت مۆشن و کاین ماستەرو چەندانی دیکە.   
فرمان عەبدولرەحمان وەک نوێنەری سەنتەری میترۆ لە فێستیڤاڵەکەدا وتی "بەشداری ئێمە لە کوردستانەوە بو ئەو ئیڤێنتە گرنگە دەرفەتێکی ناوازە بوو بۆ ناسینی پسپۆڕانی بواری میدیا و مۆجۆ بە مەبەستی وەرگرتنی ئەزمون و زانیاری نوێ تاوەکو لە رێگەی راهێنان و بڵاوکراوە جیاوازەکانەوە ئەو زانیاریانە بیبەخشینەوە بە هاوکارانمان لە کوردستان"


AM:11:09:12/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌