کوردێکی باکووری کوردستان بەربژێرە بۆ پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵن




میترۆ, رووداو

ئەمڕۆ بەیانی بنیات دەنێین، بازاڕی کار دەڕەخسێنین، رێگری لە هەژاری خێزان و منداڵی هەژار دەکەین. ئەوانە درووشمە سەرەکییەکانی سەردار یوکسلە کە لە شاری بۆخۆمی ئەڵمانیا و گەڕەکی ڤاتینشیاد بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکانە.  
 
ئەندامانی کەمپەینەکەی لە نێوجەرگەی بازاڕی ڤاتنشاید مێزیان داناوە و سەردار خۆی پڕۆگرامی خۆی و پارتەکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە روون دەکاتەوە. 
 
سەردار کە بەڕەچەڵەک خەڵکی باکووری کوردستانە ساڵی 1973 له‌ شاری ئێسنی ئه‌ڵمانیا له‌ دایكبووه‌. زانستی ته‌ندروستیی ته‌واوكردووه‌. له‌ ساڵی 1989 بووەته‌ ئه‌ندامی پارتی سۆسیال دیموكراته‌كان. له ‌ساڵی 2010 بووەتە ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵن. 
 
سەردار یوکسل قسەی بە رووداو کرد و دەڵێت: یەکێک لە خاڵه گرنگەکان ئەوەیە کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئەڵمانیا نابێت ئێمە لە هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵن بوونی منداڵی هەژار و کەم دەرامەت قبوڵ بکەین. منداڵان دەبێت هەموو وەکو یەک چانس و مافیان هەبێت یەکسانبن، گرنگ نییە لە خێزانێکی کەم دەرامەتن یاخود لە خێزانێکی دەوڵەمەند. تاوەکو ئێستا نادادپەروەری هەیە لە بواری خوێندندا. تاوەکو ئێستا چارەنووسی داهاتووی خوێندنی ئەو منداڵانە پەیوەندی بەوەوەیە لە چ چین و توێژێکی ئەم کۆمەڵگەیەن. دەبێت لە رێگەی بوونی سیاسەتێکی دروستیی خوێندن و رۆشنبیریەوە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین و هەر لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو زانکۆ بۆ ئەوەی منداڵەکان بەپێی توانا و هیواکانییان گەشە بکەن و داهاتوویان دیاری بکەن. 
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو هەرێمە 18 ملیۆن کەسییە کە نزیکەی 13 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە، لەکاتێکدایە کە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، گرانی و ترس دروستبووە. 
 
سەردار یوکسل باس لەوەش دەکات، "ئێمە ئێستا لە قۆناخێکداین کە گۆرانکاری گەورە روودەدات، ئێستا شەڕە و هەروەها بە بەردەوامی رووبەرووی کێشەی نایەکسانی دەبینەوە. بە راستی نیگەرانی کردووین. گرنگ ئەوەیە دەوڵەتی سۆسیال بپارێزین بۆ ئەوەی دیموکراسی و ئاشتی لە دەست نەدەین. ئەوەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان کە ئێستا دەمانەوێت لە هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵن ببینە نموونەی دادپەروەری بۆ ئەڵمانیا ئەوەش تەنیا لە رێگەی پارتی سۆسیال دیموکراتەوە بەدەست دەهێنرێت." 
 
لای زۆربەی ئەو کەسانەی بە بازاڕی شارەکەدا تێدەپەڕن سەردار بەوە دەناسنەوە کە خەمخۆری ناوچەکەیە. 
 
ئەنجە هوینە، دەنگدەرێکی شاری بۆخۆمی ئەڵمانیایە و دەڵێت، "وا بزانم بە شیری دایکمەوە پارتی سۆسیال دیموکراتەکانم هەڵمژیوە. باو و باپیرانم سۆسیال دیموکرات بوون. هەندێکجار زۆر لە خۆم دەکەم رەخنەیان لێبگرم، بەڵام چی بکەم ناتوانم دەنگ بە پارتی دیکە بدەم. سەردار زۆر شتی کردووە بۆ گەڕەکەکە بەڵام داوای لێدەکەم سۆسیال دیموکراتەکان بەهێزتر و پتەوتربکات لە پەرلەمان و لەو هەرێمە." 
 
كلاوس هارش، دەنگدەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "داوا دەکەم دۆخەکە بۆ هەموومان باشتر بکرێت، بۆ نموونە مووچەی خانەنشین. نابێت کەسێک 40 ساڵ کاریکردبێت 800 یۆرۆ مووچەی خانەنشنی بێت. خەڵک هەیە هیچ کاریان نەکردووە موچەیان زیاد لە هەزار یۆرۆیە، ئەمە نابێت رێگەی پێبدرێت. داوا دەکەم سۆسیال دیموکراتەکان بەخۆیاندا بچنەوە."  
 
هەرچەند سۆسیال دیموکراتەکان لەسەر ئاستیی ئەڵمانیای فیدڕاڵ حوکمڕانن، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2017 و دوای 40 ساڵ، لەو هەرێمە بەرامبەر پارتی کرستاین دیموکراتەکان شکستیان خوارد و ئێستا هەموو هەوڵیان ئەوەیە جارێکی دیکە حوکمڕانی هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵن بەدەستبێننەوە.



PM:01:26:14/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌