هیومان رایتس وۆچ: رووسیا و ئۆکرانیا بۆمبی قەدەغەکراو دژی یەکتر بەکاردەهێنن




میترۆ, وێستگەنیوز

رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی "هیومان رایتس وۆچ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، سوپای رووسیا لە هێرشەکانیدا شەش جۆری بۆمبی هێشوویی لە هەشت هەرێمی ئۆکرانیا بەکارهێناوە، کە بەهۆیانەوە سەدان خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی، بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیا و بەکارهێنانی ئەو بۆمبە قەدەغەکراوانەوە،سەدان هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆریشی بە شارەکان گەیاندووە، لەنێویاندا خانوو، نەخۆشخانە و قوتابخانەش تەختی زەوی کراون و بە تەواوی وێرانبوون.

ئەوەی جێگەی سەرنجی جیهانە ئەوەیە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "سوپای ئۆکرانیاش یەکجار بۆمبی هێشوویی دژ بە سوپای رووسیا بەکارهێناوە."

سەبارەت بە بوون و بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوانە، ماری وێرهام، بەڕێوەبەری داکۆکیکردن لە دژی چەک لە رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی ئەو بۆمبە هێشوویانە لەلایەن رووسیاوە لە ناوچەی چڕی دانیشتووان زیانی درێژخایەنی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی دەبێت و پێویستە هەرچی زووە ئەو هێرشانە بوەستێنرێت.

پەیماننامەی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی بۆمبی هێشتوو لە ساڵی 2008 واژۆکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لە رووسیا و ئۆکرانیا لە واژۆکردنی پەیماننامەکە بەشدارنین بۆیە هیچ لایەکیان پابەند نابن بەو بەیاننامەوە.



PM:01:29:14/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌