لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان رێگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان لەسەر ئاستی جیهان دەخرێتەڕوو





میترۆ, رووداو


یەکەمین کۆنفڕانسی خوێندکارانی بەشی دەرمانسازیی زانکۆی تیشک لە هەولێر بەڕێوەچوو. سیمینار و توێژینەوەکانیان لەسەر نوێترین دەرمانەکان و رێگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان بوو لە جیهان. 
 
دیار مزەفەر، خوێندکاری قۆناخی 5ـی بەشی دەرمانسازییە و دەڵێت، "دەرمان پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، 10 بۆ 25 ساڵە. ئەمەش یەکەم قۆناخی دروستکردنی دەرمانە." 
 
مستەفا نادر، خوێندکاری قۆناخی 4ـی بەشی دەرمانسازییە و دەڵێت، "ئامانجی توێژینەوەکەمان ناساندنی نوێترین دەرمان بوو بە خوێندکاران و پزیشکان." 
 
د. ئیسرا تاریق، سەرۆکی بەشی دەرمانسازی لە زانکۆی تیشک دەڵێت، "زۆر خۆشحاڵ بووم کە قوتابییەکانم بینی بە باشترین شێوە توانییان توێژینەوەکانیان پێشکێش بکەن." 
 
بەشی دەرمانسازی ئەم زانکۆیە ئەمساڵ یەکەمین خولی دەرچووانی دەبێت کە 96 خوێندکارن. ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی شەش ساڵە دامەزراندنی پزیشکانی دەرمانسازیی لە هەرێمی کوردستان وەستاوە. 
 
محەممەد سوڵتان، خوێندکاری قۆناخی 5ـی بەشی دەرمانسازییە و گوتی، "دەرمانساز کاتێک دەردەچێت، دانامەزێت ئەمەش وا دەکات دەرچووەکە نەتوانێت بەپێی پیشەکەی کاربکات." 
 
باوان جەلال، خوێندکاری قۆناخی 4ی بەشی دەرمانسازییە و گوتی، "کاری ئێمە وەکو دەرمانساز زەوتکراوە دەرچووەکانی بەشەکانی دیکەی تەندروستی کاری ئێمە دەکەن."
 
کاڵێ بەهائەدین، خوێندکاری قۆناخی 4ـی بەشی دەرمانسازییە و دەڵێت، "جگە لەوەی دامەزراندن نییە، بڕوانامە بەکرێدان هەیە." 
 
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای دەرمانسازان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 دەرچووی دەرمانسازی هەن کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون. کۆمپانیاکانی دەرمانیش هەلی کارەکانیان کەمترە بە بەراورد بە ژمارەی دەرچووان. 
 
د. سەبا ئەمیر ئاقالی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سەبا هۆڵدینگ باس لەوە دەکات، "هەموو ساڵێک دەمانەوێت لەو کۆنفرانسانە بەشداری بکەین و ساڵانە حەوت بۆ هەشت هەلی کار دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن لەلای ئێمە کاربکەن." 
 
د. ئیدریس هادی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی تیشک ئاماژە بەوە دەکات، "بە گشتیی 65%ـی دەرچووانی زانکۆکەمان هەلی کاریان دەستکەوتووە هەر خوێندکارێکی ئێمە چاوپێکەوتنی کاری هەبووبێت رەتنەکراوەتەوە و وەرگیراوە."
 
لە زانکۆی تیشک، چوار هەزار و 750 خوێندکار لە هەشت کۆلێژ و 28 بەشی جیا جیا دەخوێنن، ساڵانەش هەزار و 100 دەرچووی ئەو زانکۆیە روو لە بازاڕی کار دەکەن. 


PM:01:01:16/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌