وەزیری تەندروستی: پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی نوێ نییە






وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی نوێ نییە و دەکەوێتەوە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی توشبووان، ئاماژە بەوەش دەکات، حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراو لە زاخۆ دەستنیشانکراوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، 18ی ئایار، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، پەتای خوێنبەربوون نەخۆشیەکی نوێ نییە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە و دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەهۆی زۆری رێژەی پەککەوتن و مردن لەناو توشبوواندا.

وەزیری تەندروستی دەڵێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردن، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری دەست پێکردووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، ڕێژە و ژمارەی توشبووان دەوەستێتە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی حاڵەتەکان، کە لەلایەن تیمەکانی تەندروستی بە قۆناغێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردن دادەنرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕۆژانە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت و گومانلێکراوان دەدۆزرێنەوە و نمونەی پشکنین وەردەگیرێت، دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕادەگەیەنرێت.

هاوکات، حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی دانیشتووی شەنگال لە شاری زاخۆ بەسەرەتایی دەستنیشانکراوە و رەوانەی شاری دهۆک کراوە.

وەزیری تەندروستی دەشڵێت، بەهۆی بوونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تا ئێستا و تا ڕادەیەک باری تەندروستی جێگیرە و چارەسەرکردنی بەردەوامە، وێڕای بوونی حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی پێشووی شاری هەولێر کە دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و ڕێکاری پێویست ڕەوانەی ماڵەوە کراوە.




PM:12:50:18/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌