میترۆ, رووداو
رێوڕەسمی کردنەوەی یەکەم کتێبخانە لە ناوچەی کۆساری سەڵماس بەڕێوەچوو، بوونی کتێبخانەکە بە هەوڵی چالاکڤانانی کولتووریی ناوچەکەیە. ئەنجوومەنی پشتیوانانی کتێب لە تاران کتێبی بۆ دابین کردوون و خێرخوازێکیش شوێنی بۆ دابین کردووە.
ناوچەی کۆسار سەر بە شاری سەڵماسە لە باکووری پارێزگای ورمێ، 83 گوند لەخۆدەگرێت و نزیکەی 30 هەزار کەس دانیشتووی هەیە. یەکێکە لە ناوچە پەراوێزخراوەکان. کتێبخانەکە لە گوندی حەقوەران کرایەوە و خەڵکی ناوچەکە هیوای ئەوە دەخوازن خێرخوازان هاوکارییان بکەن و لە گوندەکانی دیکەش کتێبخانە بکرێنەوە.
ژمارە و جۆری کتێبەکانی ئەم کتێبخانەیە سنووردارن. بەڕێوەبەرانی دەڵێن، دابینکردنی شوێن هەنگاوی یەکەمیان بووە و هەوڵدەدەن پڕی بکەن لە کتێبی جۆراوجۆر.
کتێبخانەی گوندی حەقوەران پەنجەرەیەکی بەڕووی خوێندنەوە لە ناوچەی کۆساردا کردووەتەوە، بەڵام زۆر گەورە نییە و پێویستی زۆری بە هاوکاریی خێرخوازانە.