ئازاد جۆزێف: لە سوێد 13 هەزار منداڵی کورد زمانی کوردی دەخوێنن



 

میترۆ, رووداو

سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی کورد - سوێد رایگەیاند، زیاتر لە 13 هەزار منداڵی کورد لە سوێد زمانی کوردی دەخوێنن. هیواش دەخوازێت "تورکیا، ئێران و سووریا چاو لە سوێد بکەن و مافی خوێندن بدەن بە زمانی دایک." 
 
ئازاد جۆزێف بارمانی، سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی کورد - سوێد بەشداریی لە بەرنامەی دیاسپۆرا کرد کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات و باسی پشتیوانی سوێد لە زمانی کوردی دەکات و رایگەیاند، سوێد بە تەواوی هەوڵی زیندوو راگرتنی زمانی کوردی بۆ کوردانی دیاسپۆرای وڵاتەکەی دەدات.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو کوردانەی لە سوێد زمانی کوردی دەخوێنن، ئازاد جۆزێف بارمانی دەڵێت، ئێستا زیاتر لە 13 هەزار منداڵی کورد لە سوێد زمانی کوردی دەخوێنن و تەنانەت لە زۆربەی شارەکانیش کتێبخانەی کوردی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دیاسپۆرای کوردی لە وڵاتەکەی ئاشنای زمان و کولتوور و مێژووی خۆیان بن. 
 
لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە کوردی دیاسپۆرای سوێد حەزبکات منداڵەکانیان زمانی کوردی بخوێنن و ژمارەیان بگاتە سەرووی 13 هەزار کەس، ئازاد جۆزێف بارمانی ئاماژەی بەوە کرد، پشتیوانی حکومەتی سوێدە، تەنانەت ئەگەر لە هەر شوێنێکی سوێد پێنج ماڵی کورد هەبن، حکومەت ئامادەیە مامۆستا و کتێب بۆ ئەو خوێندکارانە دابینبکات بۆ ئەوەی لە زمانی دایکییان بێبەش نەبن. 
 
ئازاد جۆزێف بارمانی شاری بورلەنگی سوێدی بە نموونە هێنایەوە و گوتی، "بورلەنگی شارێکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی پێنج هەزار کەسە. نزیکەی 2500 کوردی تێدا دەژین و 800 قوتابی کورد لەو شارە جگە لە زمانی سوێدی بە زمانی کوردیش دەخوێنن." 
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی کورد - سوێد، "هیوای خواست تورکیا، ئێران و سووریا چاو لە سوێد بکەن و پێدانی ماف و خوێندن بە زمانی دایک مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتانە نین، بەڵکو هۆکاری یەکگرتووییانە." بارمانی باسی لەوەش کرد، سوێد وەک وڵاتێکی "دیموکراسی" لە زووەوە گرنگی بە کولتوور و مێژووی و زمانی کوردی داوە.



AM:11:55:21/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌