‎ئەنجامی توێکاری لاشەی لیای 10 ساڵان ڕەوانەی دادگاکرا





میترۆ، وێستگه‌ نیوز 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئایاری 2022، پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی توێکاری لاشەی لیا عەلی تەواو کرد و ئەنجامی پشکنییەکانی ڕەوانەی دادگا کرد.

‎بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە وێستگەنیوزی راگەیاندووه‌، دوێنێ توێکاری بۆ  لاشەی "لیا عەلی" ئەو منداڵەی کە بەھۆی پەلاماردانی چەند سەگێکەوە گیانی لەدەستدا تەواو بوو، ئەمڕۆش ئەنجامی توێکارییەکە ڕەوانەی دادگا کرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی لیا شیکاری تەواوی بۆ کراوە، هەموو ئەو پرسیارانەی کە دادوەری لێکۆڵینەوە ئاراستەی کردوون، وەڵامییان ئامادەکردووە و ھەموویان لە راپۆرتێکدا ئاماژە پێداوە و بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت ڕەوانەی دادگایان کردووە 

سەبارەت بە ھۆکاری مردنەکەی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان وەک پزیشکی داد بۆ سەلامەتی لێکۆڵینەوە ناتوانن ھیچ شتێک لەو بارەیە بڵێن تا دادگا بڕیاری کۆتای دەدات.

هاوکات وتیشی، "کەمێک پێش ئێستا تەرمی لیا ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە"

‎ڕۆژی ھەینی بەھۆی بوونی گومان لە رووداوەکە، بە بڕیاری دادوەر لاشەی لیا دوای ناشتنی لە گۆڕەکەی دەرھێندرایەوە بۆ دووبارە پشکنین لە لایەن پزیشکی دادەوە.

ڕۆژی 16ی ئایار، لە گەڕەکی ڕاپەرینی شاری سلێمانی  لیا عەلی تەمەن 10 ساڵان بە وتەی باوکی "دەچێتە ماڵی دراوسێکەیان کە چەند سەگێکیان ڕاگرتووە، لەوێدا سەگەکان پەلاماری دەدەن و گیان لەدەستدەدات."



PM:12:48:22/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌