نەتەوە یەکگرتووەکان: 9٪ی هاوکاریی داواکراو بۆ سوریا پێشکەشکراوە




میترۆ، ڕووداو 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لە پارێزگای حومس دەژین کە یەک لەسەر پێنجیان پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە. دەشڵێت، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە، بە نزیکەیی هەموو باڵەخانەکانی شارەکە کەوتونەتە بەر کاریگەریی جەنگەوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە شارۆچکەی تل دەو-ی باکووری رۆژئاوای پارێزگای حومس دەکات، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی بە رەچەڵەک کوردن و دەڵێت، پێش سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی سووریا 122 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژیان، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ 69 هەزار و 875 کەس کەمبووەتەوە.
 
رۆژی شەممە 21ـی ئایاری 2022 جۆیس مسویا، هاریکاری سکرتێری گشتیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەم جار سەردانی پارێزگای حومسی لە رۆژئاوای سووریا کرد. جۆیس مسویا دەڵێت لە هەر سێ قوتابخانە لەو ناوچەیە یەکێکیان بەهۆی شەڕەوە زیانی بەرکەوتووە. بۆ هەر 150 قوتابیش مامۆستایەکیان بەردەکەوێت.
 
سندووقی مرۆیی سووریا کە لەلایەن پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئاو بۆ چوار گوند دابیندەکات. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 90٪ـی تۆڕەکانی ئاودانی پارێزگای حومس بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە. بەو پڕۆژەیەی سندووقی مرۆیی سووریا 20 هەزار کەس سوودمەند دەبن و پێویست ناکات ئاو بە تانکەر بکڕن. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا 14.6 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و وا مەزەندە دەکرێت 12 ملیۆن کەس ئاسایشی خۆراکییان لە مەترسیدابێت. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ساڵی 2021 دا بۆ هەر مانگێک هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە 7.3 ملیۆن کەس لە سووریا کە دەکاتە نیوەی ئەو خەڵکەی پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی هەبووە. 
 
کۆمەڵگەی مرۆیی سووریا داوای 4.4 ملیار دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی بۆ ساڵەکانی 2022 تاوەکو 2023 هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی خەڵکی لێقەوماوی سووریا بکەن؛ لەو بڕە پارەیەش، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 9٪ـی دابینکراوە. 




PM:12:53:22/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌