لێدوای رۆژنامەوانی بۆ بڵاو كردنەوە




سەبارەت بە كەیسی كامیار سابیر
ئەمرۆ لەسەر سكاڵایەكی حاكم شێخ لەتیف ، داوەری لێكۆلێنەوە بریاری تەوقیفكردنی نوسەر، كامیار سابیر تا 29ی ئایار دەركرد.
سكاڵاكەی حاكم شێخ لەتیف لەسەر كامیار سابیر پەیوەندی بە وتارێكی كامیار سابیرەوەیە كە بەر لە دوو ساڵ سەبارەت بە موچەی خانەنشینیی حاكم شێخ لەتیف نوسیویەتی. 
نوسەر (كامیار سابیر) لە ئوسترالیا دەژی، بەمدواییە بە سەردانێك گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانەیە كە بانگەواز بۆ گەڕاندنەوەی كورد بۆ ناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەكات‌و لەمڕووەوە قسەو ئەرگۆمێنتی تایبەت بە خۆی هەیە.
داوا یاساییەكەی حاكم شێخ لەتیف وەك خۆی لە رونكردنەوەیەكدا باسی لێ دەكات ساڵ و نیوێك لەمەوبەر بووە پاش ئەوەی كامیار ئەنوەر  بە سكاڵاكەری ووتوە " گەندەڵ  و مووچەی خانەنشینی  حاكمی لە هەرێم  و مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری بەغداش وەردەگرێت"
ئێمە لە سەنتەری میترۆ دژی هەر جۆرە تۆمەت و ناوزراندنێكی بی بنەما، لەلایەن نوسەران و رەخنەگرانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانین، پێمان باشە لەكاتی بوونی ئەو جۆرە بابەتانە لەبری هەرەشەو توندوتیژی پەنا بۆ یاسا ببرێت بەتایبەتیش یاسای رۆژنامەگەری.
حاكم شێخ لەتیف كەسێكی رەخنەگرو رێزلێگیراوە لە ناو بەشێكی بەرچاوی رۆژنامەنوسان، بۆ ئەو ئاسان بوو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی بە رونككردنەوەو نوسین و دەرخستنی بەڵگەكان وەڵام بداتەوە و بیسەلمێنێت كە ئەوەی لەسەری نوسراوە هەڵبەستراوەو هیچ بنەمایەكی نییە، وایدەبینین ئەم رێگایە بۆ جەنابی حاكم زۆر ئاسان بێت.
داوا لە بەرێز حاكم شێخ لەتیف دەكەین، ئەو سكاڵایەی بكشێنێتەوە، وەك نوسەرو رەخنەگرو دادوەرێك داوا یاساییەكەی لەگەڵ سكاڵالێكراو لە رێی نوسین و دەرخستنی راستییەكانەوە داوا یاساییەكەی بباتەوە، نەك سزادان كە زۆر جار بە هۆی بیروكراسییەتی پێدان و شاردنەوەی زانیاری، رەنگە هەڵەش رووبدات.
دیاری محمد 
بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ
#كەمپینی_دژە_چەواشە
#حملە_ضد_التضليل
#Anti_disinformation_campaign


PM:06:50:22/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌