میترۆ لە هەولێر بەشداری كۆبونەوەیەكی یونامی كرد




ئەمرۆ دووشەممە (لانە جاف) بە نوێنەرایەتی سەنتەری میترۆ لە بارەگای یونامی لەهەولێر بەشداری كۆبونەوەیەكی كرد كە بۆ سەرۆكی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە یونامی-عێڕاق وە لە هەمان كات نوێنەری كۆمیساری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان خاتوو دانێلا بیل، رێكخرابوو.
كۆبونەوەكە  كۆمەڵێك چالاكوانانی بواری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، تەرخانكرابوو بۆ قسەكردن لەسەر پرسی ئازادی ڕادەربڕین و گفتوگۆكردن لەسەر بەربەستەكانی بەردەم ئازادی ڕۆژنامەوانی.
نوێنەری سەنتەری میترۆ لە هەولێر قسەی لەسەر راپۆرتی ساڵانەو ئەو تەوەرانەی لەخۆی گرتوە، پاشان راپۆرتەكەی رادەست كرد.
هەروەها تیشكی خستە سەر تازەترین پرۆژەی سەنتەری میترۆ  كە تایبەتە بە هەواڵی چەواشە و زانیاری ساختە.
خاتوو دانیلا بیل دەربارەی ئەم پرسە رایگەیاند پێشوازی لەهەر هەوڵێك دەكەین بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروست و ورد لەسەر بابەتەكان، داوای لە ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان كرد بۆ بەشداریكردنیان لە خولەكانی ئاسایشی دیجیتاڵی و سۆشیاڵ میدیا، وە وردبوونەوە لە سەرچاوەی هەواڵ لەكاتی ڕووماڵ كردن بۆ دووركەوتنەوە لە هەواڵی ساختە و زانیاری نادروست، ئاسانكاری بكرێت بۆ پێدانی زانیاری تا سەرچاوەی هەواڵی دروست بێت و دوور لە چەواشكاری.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دیدار و ڕاپۆرتی سەنتەر و ڕێكخراوەكان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەوانی، هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت بۆ كاركردن لەسەر ئەو پرسە، سەرچاوەیەكی كۆنكرێتیش دەبێت بۆ ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم ڕەوشە
هەروەها ئاماژەی بە هێرشە ئەلیكترۆنیەكان بەرامبەر بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندكار كرد.
خاتوو دانیلا بیل باسی ڕۆڵی ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەر پرسی ئازادی ڕادەربڕین ڕوونكردەوە، وە بەڵێنی دا بە كاركردن لەسەر گەیاندنی پەیامی بەشداربووان بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ژینگەی كاركردن بۆ چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان، بە هۆی گۆڕانی پێشڵكارییەكان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان پێویستە هەموو لایەك هاوكار بن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. 
گەیاندنی پەیامی چالاكوانن و ڕۆژنامەنووسان كە ئەمرۆ بەشدار بوون لەو دیدارە بۆ بەرپرسان لە ئەنجوومەنی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان. 
باسی لەوەكرد سەڕەڕای فراوانبوونی مەودای كاركردن و بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكان، بەڵام هێشتا نیگەرانین لە بارودۆخی ئازادی ڕادەربڕین.

#كەمپینی_دژە_چەواشە
#حملة_ضد_التضلیل
#Anti_disinformation_campaign




PM:05:20:23/05/2022




ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌