میترۆ, رووداو
لە ئەڵقەی ئەم هەفتەیەی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" کە لە کەناڵی تەلەڤزیۆنیی a tvی تورکی پەخش دەکرێت، بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت کە وەکو سوکایەتی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، سەرقاڵی بەدواداچوونن و وەڵامیان دەبێت.
لە ئەڵقەی 19یەمی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" کە رۆژی 03-06-2022 پەخشکرا، لە یەکێک لە دیمەنەکاندا کەسێکی تورک دادگەیی دەکرێت؛ لە دادگەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دانراوە؛ هەروەها یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەیەکی سووری لەسەرە.
ئەو کەسە تۆمەتبارە بە کاری سیخوڕی، کوشتن و کاری مافیایی و بە سووکایەتییەوە باس لە حکومەت و دادگەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو دان بەو دادگەیە و حکومەتەکەشدا نانێت.
تۆمەتباری نێو زنجیرە دراماکە دەشڵێت، تورک 1200 ساڵە لە ناوچەکەدا دەژی و لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، "کەرکووک گۆکتورکە و خاکی تورکمانەکانە. کەرکووک و موسڵ هی ئێمەیە. گەورەترین شەقامی هەولێریش موزەفەرەدین گۆکبۆروە، لەوانەیە رۆژێک بیسڕنەوە، بەڵام ناتوانن مێژوو بسڕنەوە."
ئەو کەسە کە لە زنجیرە دراماکەدا رۆڵی کەسێکی مافیا و سیخوڕ بەناوی "تەکین گیریتلی" دەگێڕێت، جوگرافیایەک بەناوی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و داوا دەکات لە بەغدا یانیش لە تورکیا دادگەیی بکرێت.
سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 05-06-2022 لەبارەی زنجیرە دراماکەوە گوتی، "شتێکی خراپە؛ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین بۆئەوەی وەڵامی بدەینەوە؛ بە دڵنیاییەوە وەڵامی خۆمان دەبێت و رایدەگەیێنین."
هاوکات ئازاد ئەکرەم، ئەندامی تورکمانی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وهرزش و لاوانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی لیژنەکەیانەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "دادگەکانی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی یاسایین و ئەو فیلمەش هیچ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا نابێت؛ زنجیرە دراماکە پێچەوانەی هەڵوێستی حکومەتی تورکیایە بەرامبەر هەرێمی کوردستان."
تاوەکو ئێستا دەزگای باڵای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی تورکیا هیچ کاردانەوەیەکی لەوبارەیەوە نەبووە، بەڵام ناڕەزایەتیی لای ژمارەیەک میدیاکار و رۆژنامەڤان لە باکووری کوردستان و تورکیا دروستکردووە.
زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی تورکواز میدیا کە نزیکە لە حکومەتی تورکیاوە، بەرهەم دەهێندرێت. رۆژی 28-01-2022 یەکەم ئەڵقەی لە کەناڵی a tvی تورکیا پەخش کرا. عوسمان سناڤ بەرهەمهێن و چاغاتای تۆسون دەرهێنەرەکەیەتی؛ سیناریۆکەی لەلایەن موراد کۆجا و عەلی ئالپەر ئەرزە دەنووسرێت. سیناریۆی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" باس لە مێژووی تورکیا، شەڕوپێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و دۆخی سیاسیی تورکیا دەکات. هەروەها گۆڕانکارییەکانی تورکیا و دەوروبەری و رۆڵی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا باسیان لێوە دەکرێت.