عەزیز گەردی کۆچی دوایی کرد



میترۆ,K24

ئەمڕۆ 6ـی حوزەیرانی 2022، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا عەزیز گەردی لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەزیز گەردی ماوەیەکە بەهۆی ناجێگیری رەوشی تەندروستیەوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکدا بووە و ئەمڕۆ بەیەکجاری ماڵئاوایی لە خاک و نەتەوەکەی کرد.

عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە بەحرکە لەدایکبووە، زیاد لە 36 کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەك لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.

جیا لە وەرگێڕان، مامۆستا عەزیز گەردی چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی).

شاکاری داغستانی من لە نووسینی رەسوڵ حەمزە تۆڤ وەرگێڕاوە کە ئەوەندە وەستایی تێدا کردووە هەر دەڵێی بە کوردی پاراو نوسراوە و ئەوەی خوێندویەتییەوە بۆ هەمیشە مێشکی داگیرکردووە.

عەزیز گەردی لە بواری پەروەردە و فێرکردنیشدا ڕۆڵێکی باڵای هەبوو،  چەندین ساڵ لە قوتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەکانی دیکەی شاری هەولێر وانەی گوتووەتەوە.

دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە بەشی کوردی کۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لەپێناو خۆ تەرخانکردن بۆ  وەرگێڕان دەستیلەکارکێشاوەتەوە، تا ساڵی 1994 ماستەرنامە و ساڵی 1999 دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت.

ناوبراو زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیسپانی بە باشی دەزانی.



AM:11:10:06/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌