میترۆ پێشوازی لە بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەكات




ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایگەیاند جیاوازییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی نابێت هاندەر بن بۆ پەنابردن بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناراست و زانیاری نادروست.
قسەكانی  بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتی سەردانی بوو بۆ سەنتەری میترۆ بە یاوەری رۆژنامەنوس ئاری محمد ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی.
سەردانەكەیان دەرفەتێك بوو بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی گشتی و ژینگەی میدیای نوێ و دەرفەتەكانی سوود وەرگرتن لە پێشكەوتنەكانی بواری تەنكنەلۆژیای زانیاری و ئاستەنگەكانی.
دیاری محمد بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ تیشكی خستە سەر پرۆژەكانی ئەمساڵی سەنتەر، كە دیارترینیان پرۆژەی هۆشیاركردنەوەیە دژ بە هەواڵی درۆ و زانیاری چەواشەكارانە.
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتەكەی سەرنتەری میترۆ بۆ هۆشیاركردنەوە دژ بە هەواڵی چەواشە دەربڕی و رایگەیاند تۆرە كۆمەڵایەتییەكان هەم پانتایین بۆ ئازادی و هەم بەرپرسیارێتی و قبوڵكردنی جیاوازییەكان ووتی" جیاوازیی سیاسی و فكری نابێت هاندەر بن بۆ پەنابردنی بەشداربووانی ئەم تۆڕانە بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و زانیاری نادروست" جەختیكردەوە " هۆشیاركردنەوەی تەنها ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی نییە، پێویستە پارتە سیاسییەكانیش بەشداری بەشداربن لەم پرۆسەیە و درك بە مەترسییەكانی بكەن"
لەو دیدارەدا ئارام سەعید، بەرێوەبەری رێكخراوی بەدیل، ئامادەی دیدارەكە بوو، هەندێ بیرورای خۆی دەربارەی بارودۆخی گشتی خستەروو.
ستران عەبدولا ساڵی 2019 سێ بەرهەمی بە ناونیشانەكانی (چۆن رۆژنامەیەكی رۆژانە دەردەكەیت؟، سۆشیال میدیا و دەستەخوشكەكانی، گەڕان بە دوای حەبی ئیسپریندا) بڵاوكردوە، ئەمڕۆیش كاك ئاریان محمد كتێبی ( زەكاتی ئەزموون) كە باس لە ئەزموونی رۆژنامەوانی ستران عەبدوڵا دەكات، پێشكەش بە سەنتەری میترۆ كرد.
هەروەها كۆمەڵێك بەرهەمی تر كە لە چالاكییەكانی ساڵۆنی كوردستانی نوێ بڵاوكراونەتەوە، پێشكەش بە كتێبخانەی میترۆ كرا.
رەحمان غەریب سەرۆكی سەنتەری میترۆ، سوپاسی سەردانەكە و پشتیوانی ستران عەبدڵا كرد بۆ چالاكی و هەڵمەتەكانیان لە پێناو فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و رووبەرووبونەوەی گوتاری رق و كینەو چەواشەكاری.

#كەمپینی_دژە_چەواشە
#حملة_ضد_التضلیل
#Anti_disinformation_campaign



PM:04:02:08/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌