حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەزار ژن دەنێرێتە ئەڵمانیا




ميترو,وشه 

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی هاوئاهەنگیكاری نیشتمانی عێراقی بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ یونیتاد رای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەڵمانیا هەزار ژنی ناردووە بۆ ئەو وڵاتە.

نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) بە هاوكاری نێردەی هەمیشەیی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نیویۆرك كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا بە ناونیشانی (شێوازی كوشتنی بە كۆمەڵ - تاوانەكانی داعش لە عێراق )، دیندار زێباریش بەشداری كۆبوونەوەكە بو  رای گەیاند، هەزار ژن بە هاوئاهەنگی نێراون بۆ ئەڵمانیا.

دیندار زێباری نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لیژنەی هاوئاهەنگیكاری نیشتمانی عێراقی بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ یونیتاد NCC گوتی، دوای هێرشەكانی داعش، حكوومەتی هەرێم هەوڵی دا رفێنراوەكان لە دەست تیرۆریستان رزگار بكات، لە هەمان كاتدا لیژنەیەكی دامەزراند كە ئەركی بریتییە لە بە دۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش و بە جینۆساید ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

زێباری رای گەیاند، لە شەڕەكانی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی كەوتبوونە ژێردەستی داعش، هێزەكانی پێشمەرگە قوربانیی زۆریان داوە، لەوانە هەزار و 800 شەهید و 10 هەزار و 369 بریندار و 47 بێ سەروشوێن لە هێزەكانی پێشمەرگە.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رزگاركردنی رفێنراون و دوای ئازادكردنیان پێداویستییەكانیان دابین دەكات، هەروەها توانراوە سێ‌ هەزار و 552  رفێنراو رزگار بكرێن، لەوانە هەزار و 207 ژن، 339 پیاو، هەزار و 50 كچ، 956 كوڕ. هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە هەزار ژنی رزگاربوو رەوانەی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەر.



PM:01:23:11/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌