دادگای بریتانیا رێگەی بە حکومەتدا پەنابەران رەوانەی رواندا بکرێن




ميترو_خەندان
دادگای بریتانیا سکاڵایەکی تایبەت بە نایاساییبونی بڕیاری رەوانەکردنی ئەو کۆچبەرانەی داوای مانەوەیان لە وڵاتەکەی کردوە بۆ رەواندا لە بەرژەوەندی حکومەت یەکلاییکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکەی حکومەت پێچەوانەی یاسای مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەیان نیە،  دادگای پێداچونەوەی بریتانیا بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسییەکە دەدات.


بەگوێرەی ئەو سیاسەتەی حکومەتی بریتانیا گرتویەتییەبەر ئەو پەنابەرانەی داوای مانەوە دەکەن  و بەشێوەیەکی نایاسایی هاتون بۆ وڵاتەکەی، رەوانەی وڵاتی رواندا دەکرێن لە کیشوەری ئەفریقا و لەو وڵاتەدا رێکارە یاساییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی مانەوە ئەنجام دەدەن، لەسەر ئەو بنەمایەش رۆژی سێشەممە (14ی حوزەیرانی ئەمساڵ) 31 پەنابەر دەنێردرێن بۆ رواندا.

چاوەڕێ دەکرێت لەکۆتایی مانگی داهاتودا دادگای بریتانیا دوایین بڕیاری خۆی سەبارەت بە سیاسەتی نوێی حکومەت بەرامبەر کۆچبەران بدات، بەتایبەت پرسی رەوانەکردنیان بۆ ئەفریقا، کە حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن بە سیاسیەتێک لە بەرژەوەندی بریتانیا و جێبەجێکردنی خواستی خەڵک ناوی بردوە.

بڕیارەکەی دادگای بریتانیا لەکاتێکدایە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانن لە چارەنوسی پەنابەران لە رواندا و بڕیارەکەی حکومەتی بریتانیاش بە "هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی زۆرەملێی" پەنابەران ناو دەبەن، جەختیش دەکەنەوە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەرەنگاربونەوەی بڕیارەکە.

بریتانیا سەروی 150 ملیۆن دۆلار دەداتە رواندا تاوەکو پێشوازی لەو پەنابەرانە بکات، کە بریتانیا بە "نایاسایی و نەخوازراو" ناویان دەبات و لە خاکەکەی دوریان دەخاتەوە.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی بریتانیا رایگەیاندبو، لە چەند رۆژی داهاتودا یەکەم کاروانی پەنابەران، کە 50 پەنابەرن رەوانەی رواندا دەکرێن. پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت و ساڵانە 300 پەنابەر دەنێرن.

بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە 2021دا 37 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆچیانکردوە.



PM:02:15:11/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌