ماڵپەری CPJ راپۆرتێک لەسەر هێرشکردنە سەر پەیامنێری وێستگەنیوز بڵاودەکاتەوە




میترۆ, وێستگەنیوز

لە 8ی حوزەیرانی 2022، هێزەكانی ئاسایشی کوردستانی عێراق رێگریان لە چەند تیمێك لە دەزگا جیاوازەكانی راگەیاندن گرت و رۆژنامەنووسێكیشیان دەستبەسەر كرد بۆ ئەوەی رێگرییان لێبكەن رووماڵی هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لە ناوچەیەکی باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر کەوتە خوارەوە.

ماڵپەری CPJ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، سەبارەت بە هێرشی درۆنەکەی هەولیر دەڵێت، "دەزگای دژە تیرۆر رایگەیاند، رووداوەکە نزیكەی كاتژمێر 9:35 خولەك لە ڕێگای هەولێر- پیرمام روویداوە، بەهۆیەوە سێ كەس بە سووكی بریندار بوون و زیانی بە چێشتخانە و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی نزیک لە رووداوەکەش گەیاندووە."

لەو بارەیەوە، نەبەز ڕەشاد، پەیامنێری وێستگەنیوز، بە CPJی ڕاگەیاندووە، "چەند خولەکێک دوای هێرشەکە، تەنانەت پێش هێزە ئەمنییەکانیش گەیشتمە شوێنی ڕووداوەکە و لە ڕێگەی مۆبایلەکەمەوە دەستم کرد بە پەخشی ڕاستەوخۆ لە پەیجی فەیسبووکەکەمان."

نەبەز رەشاد زیاتر روونکردنەوەی داوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "لەکاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا هێزە ئەمنییەکان هاتن و هێرشیان کردە سەرم، مۆبایل و ئامیری وەرگرەکەمیان شکاند. من بەردەوام پێم دەوت من ڕۆژنامەنووسم و ناسنامەی ڕۆژنامەوانیم هەیە، بەڵام بێسوود بوو."

ئاشکراشیکردووە، "بردیانم و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەناو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیاندا دەستبەسەربووم، سووکایەتیان پێدەکردم و هەڕەشەیان لێکردم."

پەیامنێری وێستگەنیوز بە CPj وتووە، کاتێک دوای یەک دوو کاتژمێر چووەتە بەرێوەبەرایەتی ئاسایش لە هەولێر، ناچار بووە بەڵێننامەیەک واژۆ بکات کە تێیدا نووسراوە "من بەرپرسیارم ئەگەر هەر وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاوبێتەوە"، بۆ ئەوەی مۆبایل و وەرگرە شکاوەکەی وەربگرێتەوە.

سەبارەت بەو بابەتە، لە بەیاننامەیەكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان، كە رێكخراوێكی ئازادی رۆژنامەوانی عێراقییە، داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكات "بهێڵن رۆژنامەنووسان بەبێ هیچ ئاستەنگێك ئازادانە كار بكەن و دیمەنەكان رووماڵ بكەن".

سەنتەری میترۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هێرشکردن بۆ سەر نەبەز ڕەشاد پەیامنێری وێستگە نیوز و دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی ڕۆژنامەوانی و ڕێگریکردن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، نە پلانی ئەمنی بەهێزتر دەکات و نە واقیعەکان دەشارێتەوە".

لە کۆتاییدا ماڵپەری CPJ دەڵێت، "لە رێگەی ئیمەیڵ و نامەوە پەیوەندی بە ئاشتی مەجید، وتەبێژی ئاسایشی هەولێرەوە کرد بۆ وەرگرتنی لێدوان، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە."



PM:05:34:19/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌