بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان: سۆشیاڵمیدیا هۆکاری یەکەمی تووندوتیژییەکانە دژ بە ئافرەتان




میترۆ, رووداو

بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان(WOLa) رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کوژراون و خۆیان کوشتووە و خۆیان سووتاندووە، 82 ئافرەت بوون، سۆشیاڵمیدیاش بە هۆکاری یەکەمی هەڵکشانی تووندوتیژییەکان دژ بە ئافرەتان دەزانێت، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی پیاوانیش دەڵێت: "لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 24 پیاو خۆیان کوشتووە و کوژراون."
 
شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان (WOLa)، لەبارەی توندوتیژییەکانی دژ بە ئافرەتانەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا82 کەیسی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتانمان تۆماکردووە بە پشتبەستن بە ئاماری بەڕێوەبەرایەتی و ئۆفیسەکانی تووندوتیژی و ئەوانەی لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بۆیە ئامارەکەمان ئەگەر زیاتر نەبێت، لەو ژمارەیە کەمتر نییە."
 
بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان (WOLa)، گوتیشی: "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 31 خۆکوشتنی ئافرەتان هەبووە، 22 کوشتنی ئافرەتان هەبووە، 29 خۆسووتاندنی ئافرەتانیشمان تۆمارکردووە."
 
بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئامارەکانی تووندوتیژیی دژ بە ئافرەتان بەمشێوەیە بووە:
 
- هەولێر: نۆ خۆکوشتن، حەوت کوشتن، 10 خۆسووتاندن
- دهۆک: هەشت خۆکوشتن، حەوت کوشتن، 10 خۆسووتاندن
- سلێمانی: حەوت خۆکوشتن، چوار کوشتن، شەش خۆسووتاندن
- گەرمیان: چوار خۆکوشتن، کوشتن نییە، سێ خۆسووتاندن
- راپەڕین: سێ خۆکوشتن، سێ کوشتن، خۆسووتاندن نییە
- سۆران: خۆکوشتن نییە، یەک کوشتن، خۆسووتاندن نییە
 
شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان (WOLa)، سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵکشانی تووندوتیژییەکان بە بەراورد بە ساڵی 2021 گوتی: "هۆکارەکان زۆرن، بەڵام سۆشیاڵمیدیا هۆکاری سەرەکیی تووندوتیژییەکان و هەڵکشانەکانە، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و نامە و شتی دیکەوە، لەگەڵ ناپاکی هاوسەری و زۆربوون و بڵاوبوونەوەی چەک."
 
رۆژی 22-6-2022، بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان لەبارەی تووندوتیژییەکانی دژ بە پیاوان کە لەلایەن ئافرەتانەوە ئەنجامدەدرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا ئامارەکان لە بەرزیدا ماونەتەوە، بەپێی ئامارەکانی ئێمە، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 233 کەیسی تووندوتیژیی دژ بە پیاوانمان لەلایەن ئافرەتانەوە تۆمارکردووە، لەوانە سێ کوشتن و21 خۆکوشتنی پیاوان هەیە."
 
هۆکارەکانی تووندوتیژییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ قەیرانی دارایی کە بەلای ئەوانەی هۆکاری یەکەمە، هەروەها گوتی: "سۆشیاڵمیدیا و ناپاکیی خێزانی، هۆکاری دووەمی زۆریی تووندوتیژییەکانە."



AM:11:22:23/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌