مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە




سلێمانی، 23ی حوزەیرانی 2022: سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بریارەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان  ژمارە 11 ی ساڵی 2013 و چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دوو بریارە دەكات.
لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو .
بە پێی راگەێنراوی رەسمی كۆبونەوەكە سەرۆك وەزیران بە ئاماژەكردن بە دیدارەكەی لە گەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان، وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕوونكردنەوە دەربارەی كار وچالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی.
پاشان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، ژمارە 11 ی ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی ڕێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان  ڕێك بخرێتەوە.
سەنتەری میترۆ لە رۆژی دامەزراندنییەوە لە 11ی ئابی 2009، چاودێری جێبەجێكردنی یاسای ژماە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان و پاشانیش لە رۆژی دەرچوونی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، داوای دەركردنی رێنمای بۆ یاساكە كردوە كە كراوە بە ئاستەنگ لە بەردم جێبەجێكردنی.
جەخت لە هەڵوێستەكانی رابردوومان دەكەینەوە: "مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە، مەبەستمانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان. ئەمەش لە ئەنجامی زانیاری دروستەوە بەرجەستە دەبێت".
سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە پێشوازی لە بریارەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،  ژمارە 11 یساڵی 2013 ، چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دوو بریارە دەكات كە لە ئەگەری لادان و جێبەجێنەكردنیان راپۆرتی چاودێری خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت.
دەربارەی میترۆ:
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، لەو كاتەوە 11 راپۆرتی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاو كردۆتەوە. 
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)،   Gulf Center for Human Rights، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێكرد.



PM:01:48:23/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 1116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌