نابێت هێرشبه‌ران ده‌ربازیان ببێت له‌سزا




سلێمانی, 27ی حوزه‌یران2022: سه‌نته‌ری‌ میترۆ ئیدانه‌ی‌ هێڕشكردنه‌ سه‌ر چالاكوان(حه‌مه‌ی‌ مانگر) ده‌كات, داوا له‌ ئاسایشی سلێمانی ده‌كات  لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی له‌ڕوداوه‌كه‌ بكه‌ن ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ رای گشتی‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌.
شه‌وی ڕابردوو له‌كاتێكدا (حه‌مه‌ی مانگر) به‌ره‌و ماڵی خۆی كه‌ده‌كه‌وێته‌ گه‌ره‌كی سه‌رچناری شاری سلێمانی‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری لاندكرۆزه‌ری‌ ڕه‌نگ ڕه‌ش كه‌چه‌ند چه‌كدارێكی‌ تێدابوو په‌لاماری ده‌ده‌ن.
پاش ڕوداوه‌كه‌ حه‌مه‌ی‌ مانگر به‌سه‌نته‌ری میترۆی ڕاگه‌یاند، كاتێك ئه‌و چه‌كدارانه‌ په‌لاماریان داوە بە زۆر خراوەت نێە ئۆتۆمبێله‌كه‌یانه‌وه‌, به‌هه‌ڕه‌شه‌وه‌ داوایی پاسۆردی مۆبایله‌كه‌یان لێكردوە, ئەویش پێیداون و چونه‌تە نێو ئه‌كاونته‌كه‌ی له‌ فه‌یسبووك چه‌ند پۆستێكیان سڕیوەتەوە.
ووتی" پاشان به‌ كه‌ته‌ر برینداریان كردم و ئێستا زیاتر له‌ سی شوێنی‌ جه‌سته‌م جێ كه‌ته‌ر و په‌لاماره‌كه‌ی‌ ئه‌وانه‌".
به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مرۆ ئاسایشی سلێمانی ده‌ستی‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌ كردوه‌ له‌ڕوداوه‌كه‌ و وته‌یان له‌حه‌مه‌ی‌ مانگر وه‌رگرتوه‌.
سه‌نته‌ری میترۆ له‌كاتێكدا ئه‌م هێرشه‌ ئیدانه‌ده‌كات ، داواش له‌ ئاسایشی سلێمانی‌ ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ جدی له‌ڕوداوه‌كه‌ بكه‌ن وده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی‌ بۆ رای گشتی‌ ڕابگه‌یه‌نن ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م كاره‌یان كردوه‌ بدرێنه‌ دادگا و ده‌ربازیان نه‌بێت له‌سزا .


AM:11:23:27/06/2022




ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌