میترۆ, وێستگهنیوز
پاش هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، لە چەند شارێکی عیراق و بەغدا خۆپیشاندانی هاووڵاتییان دەستیپێکردووە و لە ئێستاشدا ئاڵای تورکیا لەسەر باڵیۆزخانەی تورکیا داگیرا لە بەغدا و ئاڵای عیراق هەڵکرا.
خۆپیشاندانەکان لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و بەهۆی فشارەکانی خۆپیشاندەرانەوە ئاڵای تورکیایان هێناوەتە خوارەوە لەسەر باڵیۆزخانەکە و شەقامی سەرەکی ناوچەکەیان گرتووە.
ئەو هاوڵاتیانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن باس لەوەدەکەن، ئەو هێرشانە قبوڵناکەن و هێرشەکان زیانی گیانی و ماددی بە هاوڵاتی مەدەنی گەیاندووە لە شوێنی گەشتیاریدا.
خۆپیشاندانهكهی بهغدا فراوان دهبێت و کەمێک بەر لە ئێستا لایەنگرانی سەدریش چوونە بەردەم باڵیۆزخانەکە و هاوڵاتیان داوای داخستنی باڵیۆزخانەکە و داگرتنی ئاڵای تورکیا دەکەن.
لە خۆپیشاندانەکەدا کە بەشێکیان کەسوکاری قوربانییەکانی بۆردومانەکەی ئەمڕۆن ئاڵای تورکیایان سوتاند و لە هەریەکە لە نەجەف و کەربەلاش نووسینگەی پێدانی ڤیزای تورکیا لەلایەن هاوڵاتیانەوە داخرا.
بۆردومانەکەی تورکیا ناڕەزایەتی زۆری هاوڵاتیان و بەشێکی بەرپرسانی بەدوای خۆیدا هێنا. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ تۆپخانهكانی تورکیا بۆردومانی هاوینەهەواری پەرەخێیان کرد لە سنوری زاخۆ و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکە بریندار بوون.