باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا: گەلی عێراق لە دەسەڵاتی میلیشیای چەکدار بێزارن



ئەلیان رومانوسکی، خانمە باڵوێزی نوێی ئەمریكا لە بەغدا، ڕای گەیاند، گەلی عێراق باڵادەستی میلیشیای چەکداری ناوێت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بابەتێکی ناوخۆییە.

ئەو خانمە باڵوێزە لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە داوە: "دەبێت حکوومەتی داهاتووی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بێت". بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە و پابەندە بە دۆستایەتیکردنی عێراق و بە ”گرنگترین هاوبەشی ستراتیژیی" دەزانێت.

هەر لەو لێدوانەدا لەبارەی بڕیارەكەی موقتەدا سەدر، رێبەری ڕەوتی سەدر، خانمە باڵوێزی ئەمریكا گوتی: ”هیج ئامۆژگارییەک بە سەدر نادەم، ئەو دەزانێت چی بۆ وڵاتەکەی باشترە".

جەختیشی لەوە كردەوە كە ”گەلی عێراق دەسەڵاتی میلیشیاکانیان ناوێت، تێبینیی ئەوەمان كردووە گەلی عێراق دیاردەی چەکداری رەت دەکاتەوە".

هاوكات شایەدیی ئەوەیشی دا كە هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەری رابردووی عێراق، ”هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بووە"، بۆیە هیوای ئەوەی خواست هەر حكوومەتێك لە عێراق پێك دێت، خزمەتی گەلەكەی بكات.

ئەوەشی نەشاردەوە كە "زۆر زەحمەتە هیچ وڵاتێک پێش بکەوێت و گەشە بکات، ئەگەر بخرێتە ژێر ئەجێندای دەرەکییەوە". گوتیشی: "دیموکراسی هەندێك جار دەبێتە هۆی ئاژاوە، بەڵام ئەوە خەڵکی عێراقن کە حکوومەتەکەیان هەڵدەبژێرن".



PM:02:17:21/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌