پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكانی توركیا كۆدەبێتەوە



ميترۆ,ئاوێنە


بڕیارە ئەمڕۆ(شەممە) پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى بۆردومانەکەى تورکیا لە زاخۆ كۆببێتەوەو جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێشبینی دەكات لە كۆبونەوەكەدا بڕیار لەسەر راگرتنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانی عێراق لەگەڵ توركیا بدرێت.

ئاوێنە: بەپێی کارنامەى كۆبونەوەكە كە لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانەوە بڵاوكراوەتەوە، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بەڕێوەدەچێت.

هەر بەگوێرەی كارنامەكە، كۆبونەوەكە بە ئامادەبونى وەزیرانى بەرگرى و دەرەوە و سەرۆک ئەرکانى سوپای عێراق بەڕێوەدەچێت.

کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار رێکخراوە، کە دوای كوژرانی 9 گەشتیار لە سنوری زاخۆ بەهۆی تۆپبارانی تورکیا، ئەو پەرلەمانتارانە واژۆیان بۆ کۆبونەوەی بە پەلەی پەرلەمان کۆکردەوە.

مەلا كەریم شكور، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق  ڕاگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لە كۆبونەوەكەی پەرلەماندا بڕیار لەسەر ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانی و ئابورییەكانی عێراق لەگەڵ توركیا بدرێت.

رۆژی 20/7/2022 تۆپخانەکانی تورکیا هاوینەهەواری گوندی پەرەخ-یان لە سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا 9 گەشتیاری كوژران و 25 گەشتیاری دیکەش برینداربون.





PM:12:45:23/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌