ڤالا فەرید: لەلایەن پەرلەمانتارانەوە 1201 پرسیار ئاڕاستەی حکومەت کراوە




ميترۆ,خه‌ندان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردودا 1201 پرسیار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ئاڕاستەی حکومەت کراوە و تا ئێستا 783 پرسیاریان وەڵام دراوەتەوە و وەڵامەکانیان ناردوەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان لە وتارێكدا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی سێ ساڵ به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌مدا رایگه‌یاند، "وەکو وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئەرکمان بریتییە لە پارێزگاریکردن لە هاوسەنگی و هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و لە نێوان حکومەت، بەشداریکردنی حکومەت لە ئەرکی پەرلەمان لە هەردوو پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردن بەردوام بوە، لە پرۆسەی یاسادان 25 پرۆژە یاسامان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردوە لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم کە پرۆژەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە لەسەر ئاستی رێکخستنی کاری وەزارەتەکان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جۆری دوه‌می پرۆژەکان کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستانیانن پەیوەستە بە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ، گرنگترین ئەو پرۆژە یاسایانە پڕۆژەیاساى پەروەردە بوە کە پەیوەستە بە پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان و  پرۆژە یاسای چەک بوە کە پەیوەست بوە بە نەهێشتنی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت و دانانی توندترین سزا بۆ ئەو کەسانەی کە بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو تاوانانەی کە رودەدەن و یەکێک لەو یاسایانەی کە گرنگی خۆی هەیە لە سەر ئاستی تەندروستی، بریتییە لە یاسای نەهێشتنى مادەى هۆشبەر و پرۆژە یاسای چاکسازى و لە بواری دارایی کە بەشی زۆری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ كراوە.

د. ڤالا فەرید ده‌ڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر سێ مانگ جارێک راپۆرتی خۆی لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردوە و تیایدا دیاری کردوە کە چ کارێکی ئەنجام داوە لەسەر بواری چاکسازی و چەند خاڵ و مادەی کە لەناو یاساکەدا هاتوون جێبەجێ کراون.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "سێیەم جۆری یاساکە کە پێشکەشمان کردوە بریتییە لە  ماف و ئەرکى هاونیشتمان بۆ نمونە پڕۆژەیاساى کار و کە پەیوەستە بە ماف و ئەرکی کرێکاران و تێیدا دیاریکراوە کە ماف و ئەرکەکانیان پارێزراو دەبێت وە هەروەها پرۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کردوە بەخۆشحاڵییەوە پەرلەمانی کوردستان ئەو پرۆژە یاسایەشی دەرچوواندوە، هەروەها ڕێکخستنەوە کۆمپانیا ئەمنییەکان کە پەیوەندیدارە بە رێکخستی کاری ئەمنی کە گرنگیی راستەوخۆی هەیە بە ژیانی هاوڵاتییانەوە ئەویشیان بەخۆشحاڵییەوە چوەتە بواری جێبەجێ كردن".

د. ڤالا فەرید رونیشیكرده‌وه‌، "لە سێ ساڵى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەرلەمانتارە بەڕێزەکان کە مافى چاودێریکردنى حکومتیان هەیە، نزیکەى 1201 پرسیاریان ئاراستەى حکومەت کردوە و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە هەمومان پرسیارەکانمان ئاراستەی وەزیری بەڕێزەکان کردوە و بۆمان دیاریکردون کە بەپێ پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانی کوردستان پێویستە لە ماوەیەکی دیاری کراودا وەڵامی پرسیارەکان بدرێنەوە و بەخۆشحاڵییەوە تائێستا  783 پرسیارمان وەڵام دراوەتەوە و وەڵامەکانمان ناردوەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە ئێستا سەرقاڵى ناردنەوەی وەڵامەکانى کە لەلایەن وەزیرە بەڕێزەکانەوە وەڵام دەدرێتەوە".

ده‌شڵێت، "ئێمە وەک وەزارەتى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان جگە لەو 25 پڕۆژە یاسایەى کە ئاراستەى پەرلەمانى کوردستانمان کردوە، ئێستا نزیکەى 10 پڕۆژە یاساى دیکەشمان ئاراستەى سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیران کردوە بە مەبەستى پەسەندکردنى لە نزیکترین کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران و ناردنى بۆ پەرلەمانى کوردستان کە لە بەرژەوەندى هاونیشتمانیانى خۆشەویستدان".


PM:12:49:23/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌