ميترۆ,خه‌ندان
به‌شدار حه‌سه‌ن سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی ده‌ستگیركراوانی بادینان رایگه‌یاند، پێنج له ده‌ستگیركراوانی شیلادزێ كه بڕیاربو دوای جه‌ژنی قوربان ئازادبكرێن، به‌هۆی په‌شیمانبونه‌وه‌ی داواكاری گشتی تا ئێستا ئازاد نه‌كراون، ده‌ستگیركراوه‌كانیش وه‌ك ناڕه‌زایه‌تیه‌ك مانگرتنیان تا مردن ڕاگه‌یاندوه.
به‌شدار حه‌سه‌ن له لێدوانێكدا به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئه‌و پێنج ده‌ستگیركراوه‌ی شیلادزێ كه بڕیاربو پێش جه‌ژنی قوربان ئازاد بكرێن، به‌ڵام به‌هۆی په‌شیمانبونه‌وه‌ی داواكاری گشتی له بۆچونه‌كه‌ی، كه له‌ئه‌نجامی ده‌ستوه‌ردانی حیزبییه‌وه بوه، ئازادكردنه‌كه‌یان ڕاگیراوه.
وتیشی، "له دوێنێوه هه‌ریه‌ك له یوسف شه‌ریف، مه‌حمود ناجی، كۆڤان تاریق، ئه‌مجه‌د یوسف و نێچیرڤان حاجی مانگرتنیان له‌خواردن تا مردنیان راگه‌یاندوه له‌كاتێكدا نزیكه‌ی دو ساڵه ده‌ستگیركراون و له‌زیندانن".
به‌شدار حه‌سه‌ن ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، تیمی پارێزه‌ران له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ داوایانكردوه، كه ھۆكاری راگرتنی ئازادكردنی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی شیلادزێ رونبكرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمی هیچ وه‌ڵامێك نیه، "له‌كاتێكدا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوان ده‌بێت به‌رامبه‌ر یاسا بۆ هه‌موان وه‌ك بێت، ئه‌گه‌رنا پێشێلكاریه كه داواكاری گشتی به‌رامبه‌ر به یاسا ئه‌نجامی ده‌دات".