ئاماری پێشێلكاریەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان



لە هەرێمی كوردستان
هێزە ئەمنییەكان، گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان گەمارۆ دەدەن 
لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكانی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان گەمارۆ دەدەن و سەنتەری میترۆ پێشێلكارییەكان دەرهەق بە رۆژنامەنوسان و خۆپیشاداندەران و پەرلەمانتاران  شەرمەزار دەكات. 
ئاماری پێشێلكاریەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان:

70 پێشێلكاری بەرامبەر بە 52 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە, كە بریتین لە:
دەستگیركردن:21
هەڵكوتانە سەر ماڵ:4
رێگری:16
برینداربون بە گازی فرمێسك رێژ:5
زەوتكردنی كەل و پەلی رۆژنامەوانی:23
داخستنی كەناڵ: 1

ئەمڕۆ رۆژی شەممە 6ی ئاب بەر لە وادەی خۆپیشاندانەكانی شاری هەولێر، هێزێكی ئەمنی هەڵیانوكتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس ئەیوب وەرتێ، هێزە خۆیان نەناساندوە بۆیە نازانرێت بەرەو كام گرتوخانە براوە.
ئەمڕۆ رۆژی شەممە 6ی ئاب، هێزێكی ئەمنی لە شاری دهۆك، نوسینگەی سایتی (راست نیوز)ی داخست.
ئەمرۆ شەممە 6ی ئاب، لە شاری سلێمانی بەڕێوەبەری كورد نیوز (عەبدوڵا ئەحمەد) لە ماڵەكەی خۆی دەستگیركرا 
سەرچاوەیەك لە كەناڵی ئێن ئارتی ئەم هەواڵەیان پشتڕاستكردەوە.

هەروەها لە شاری هەولێر پەیامنێرانی ئێن ئارتی (رزگار كۆچەر، ئومێد چۆمانی، هێرش قادر) دەسگیركران. 
ئەمرۆ شەممە 6ی ئاب، لە شاری چەمچەماڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەریەك لە  پەیامنێران ( دیار موحەمەد ، سۆران موحەمەد) و (مەحمود رزگار) كامێرامانی كە ناڵی ئێن ئارتی لە روماڵی خۆپیشاندانی شارەكە دەستگیردەكرێن.

ئەمرۆ شەممە6ی ئاب، لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی سیروان غەریب سەرنوسەری سایتی وێستگە نیوز و تیمی رۆژنامەوانییەكەی (زانیار مەریوان، هێڤار هیوا، ئەركان عەبدوالقادر) دەستگیردەكرێن.
ئەمرۆ شەممە6ی ئاب، لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەریەك لە ژیلیا عەلی پەیامنێرو ئەژی عەبدولقادری كامێرامانی سایتی دیبلۆماتیك لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێن.

ئەمرۆ شەممە6ی ئاب، لە قەزای كەلار، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە محەمەد مەحمودی پەیامنێری رادیۆی دەنگ، دەستگیر دەكرێت.

ئەمرۆ شەممە6ی ئاب، لە قەزای كەلار، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگری لە پەیامنێری سایتی دەسەڵاتی چوارەم دەكرێت و دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەی دەگیرێت.
ئەمرۆ شەممە6ی ئاب،لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی ( سنور كەریم، موحەمەد نەوزاد) دەستگیر دەكرێن، دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیاندا دەگیرێت.

ئەمرۆ شەممە6ی ئاب،لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی ( ئیبراهیم فەتاح) پەیامنێری سایتی راچڵەكین،لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگری لێدەكرێت و دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیاندا دەگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە ٦ ی ئاب، تیمی رووداو لەخۆپیشاندانی ئەمڕۆی شەقامی مەولەوی غازی فرمێسکڕێژیان بەرکەوت، کە پێکهاتوون لە:

 نزار جەزا محەممەد، پەیامنێر,مەریوان عەلی سابیر، کامێرامان, هەرێم عەلی ئەحمەد، شۆفێر.
ئەمرۆ شەممە6ی ئاب،لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ( عومەر دلێر) كامێرامان كەناڵی بی ئێم سی رێگری لێدەکرێت، دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیدا دەگیرێت، هاوكات دەستدەگیرێت بەسەر كەل و پەلی رۆژنامەوانی تیمێكی تریان (دنیا ماجد ، عمر دلێر).

ئەمرۆ شەممە6ی ئاب،لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگری دەكرێت لە تیمێكی رۆژنامەوانی مایك ( كەنار ئازاد، مەروان عەلی) و دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیاندا دەگیرێت.
ئەمرۆ شەممە6ی ئاب،لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ( كۆڕاس نوعمان) كامێرامانی سایتی خەندان، كەل و پەلی رۆژنامەوانی لێدەسەندرێت.

ئەمرۆ شەممە 6ی ئاب، لە شاری هەولێر، كوردوان جەمال بەرپسی ئۆفیسی جوڵانەوەی نەوی نوێ و نەجات ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵا، دەسگیركران.

ئەمڕۆ شەممە 6ی ئاب، بە ژمارەیەكی كۆڕەك هەرەشە لە رۆژنامەنوسی ئێن ئارتی هێرش قادر كراوە، ژمارەكە لای میترۆ پارێزراوە، هێزێكیش چوونەتە سەر ماڵەكەی لە شاری هەولێر، ئێستا خێزانەكەی ماڵیان جێهێشتووە. 
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئاب، لە بەردەركی سەرای شاری سلێمانی، هەریەك لە (ژینە ستار، موحەمەد جەلال، لەنیا بەختیار، هەوراز ئەحمەد) بە گازی فرمێسك رێژ بریندار دەكرێن.
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئاب، لە شارۆچكەی سەید سادق، پەیامنێری سایتی وێستگە نیوز بە گازی فرمێسك رێژ بریندار دەكرێت.
ئەمرۆ رۆژی شەممە 6 ی ئاب، جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، كە 7 پەرلەمانتار و 35 ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و چالاكوانی جوڵانەوەكەیان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون، زیاتر لە 30 ئۆتۆمبێلی سەربازی گەمارۆی ئۆفیسی سەرەكی جوڵانەویكەیان لە شاری سلێمانی داوە.
رۆژی هەینی 5ی ئاب، هێزێكی ئەمنی هەریەك لە "تائیف گۆران" و "بڕیار نێروەی" و " سەباح سۆفی" پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تییان لەبەردەم نوسینگەی كەناڵەكە لە شاری دهۆك دەستگیركردووە و دەست گیرا بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانییاندا.
پێشتریش رۆژی دوو شەممە 1ی ئاب، كارزان تاریق، پەیامنێری ئێن ئارتی و چێنەر ئەحمەد كامێرامانی كەناڵی ئێن ئارتی لە شاری سلێمانی دەستگیركران، درەنگانێكی شەو ئازادكران.
رۆژی هەینی 5ی ئاب، شاعیری دیاری كوردستان (كەژاڵ ئەحمەد) لە لاپەڕی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی رایگەیاند ئاسایش (تەها ئەحمەد)ی برای دەسگیركردوە هێزە مۆبایلی كەژاڵ ئەحمەد و پاسپۆرتی بەریتانی بورهانی بای و مناڵەكانیان بردوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و تەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان دەسگیركرد ئەوانەی ناویان ئاشكرایە، ( هیمداد شاهێن، فراوق غەفور، عومەر عەلی، یەعقوب كاكل، ئازاد كەریم).
بە پێی زانیارییەكانی سەنتەری میترۆ، هێزە ئەمنییەكان لەكاتی هەڵیانكوتانیان سەر ماڵی هەندێ لەو چالاكوانانەو پشكنینی وورد، تەنانەت ئایپادی مناڵانیشیان بردوە.
لە شاری قەڵادزێ و چەمچەماڵ ئەوەی ئاشكرا بووە دوو چالاكوان بە ناوەكانی( مەهدی خاكی و حەمە رەش)، دەسگیركراون.

بە تەواوەتی ژمارەی چالاكوانە دەسگیكراوەكان نازانرێت، هیچ ئاماری رەسمی لە لایەن دەزگای رەسمی و ئۆپۆزسیۆنی سیاسییەوە، بڵاونەكراوەتەوە.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هیچ پاساوێك نییە بۆ دەسگیركردنی رۆژنامەنوسان جگە لە سووربوونی هێزە ئەمنییەكان بۆ شكاندنی شكۆی یاساكانی پەرلەمان و پێشێكردنی مافی رادەربڕین و ئازادی روماڵكردن لە كاتی خۆپیشاندان و بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان.
تا ئێستا لە هیچ پرۆسەیەكی دەستگیركردن و هەڵكوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنوس و چالاكوانان، فەرمانی دادوەر پیشان نەدراوە.

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا هەموو پێشێلكارییەكی مافی مرۆڤ، بە تایبەتیش ماف و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری شەرمەزار دەكات، داوا دەكات دەستبەجێی دەسگیركراوانی بەر لە خۆپیشاندان و لەكاتی خۆپیشاندان ئازاد بكەن.


PM:01:57:29/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 1688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌