هەڵبژاردن لە سوێد بەڕێوەدەچێت؛ 15 کورد بۆ پەرلەمان و دەیانی دیکە بۆ شارەوانییەکان بەربژێرن




میترۆ,رووداو 

ئەمڕۆ سوێدییەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە سێ هەڵبژاردندا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؛ هەڵبژاردنی پەرلەمان کە 100 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ رکابەرایەتیی یەکدی دەکەن. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی هەرێمەکان کە تێیدا 122 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ بەشدارن. هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە تێیدا 321 پارت و بەربژێری سەربەخۆ بەشدارن. 
 
هەشت پارتی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارن کە بریتین لە پارتەکانی سۆسیال دیموکرات، پارتی چەپ، پارتی سەوز، پارتی سەنتەر، پارتی لیبراڵ، پارتی مۆدێرەیت، پارتی کریستیان دیموکرات، پارتی دیموکراتەکانی سوێد و سەربەخۆکان. نوێترین راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی سۆسیال دیموکراتی سەرۆکوەزیران لە پارتەکانی دیکە زیاتر کورسی بەدەستدەهێنێت. 
 
ئەمڕۆ لە سوێد سێ هەڵبژاردن دەکرێن:
 
هەڵبژاردنی پەرلەمان:
 
- 100 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ تێیدا رکابەرایەتی دەکەن.
- 7 ملیۆن و 772 هەزار و 120 کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی 349 ئەندام هەڵبژێرن.
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی هەرێمەکان:
 
- 122 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ تێیدا بەشدارن.
- 8 ملیۆن و 147 هەزار و 129 کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنەکانی 21 هەرێم هەڵبژێرن.
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان:
 
- 321 پارت و بەربژێری سەربەخۆ تێیدا بەشدارن. 
- 8 ملیۆن و 196 هەزار و 42 کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی ئەندامی 290 شارەوانی هەڵبژێرن.
 
ئەوەی لە هەمووی گرنگترە هەڵبژاردنی پەرلەمانە. هەشت پارتی سەرەکی لە رکابەرایەتییەکەدا بەشدارن. 
 
دوایین هەڵبژاردن کە کرا لە ساڵی 2018 بوو کە ئەنجامەکانی بەمشێوەیە بوون:
 
- پارتی سۆسیال دیموکرات 100 کورسی.
- پارتی چەپ 27 کورسی.
- پارتی سەوز 16 کورسی.
- پارتی سەنتەر31 کورسی.
- پارتی لیبراڵ 20 کورسی.
- پارتی مۆدێرەیت 70 کورسی.
- پارتی کریستیان دیموکرات 20 کورسی.
- پارتی دیموکراتەکانی سوێد 61 کورسی.
- سەربەخۆکانیش دوو کورسییان بەدەستهێنا.
 
بەگوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای پۆلەتیکۆی ئەمریکی، چاوەڕواندەکرێت پارتەکەی سەرۆکوەزیران ماگدالینا ئەندرسن زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت. 
 
پێشبینییەکان بەمجۆرەن:
 
- پارتی سۆسیال دیموکرات کە پارتەکەی سەرۆکوەزیرانە، 29٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
- پارتی دیموکراتەکانی سوێد کە پارتێکی راستڕەوی تووندڕەوەی دژە کۆچبەرە، چاوی لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت و لەگەڵ راستڕەوەکانی دیکە بە هاوپەیمانیێک حکومەت لە دەستی چەپەکان دەربێنن، پێشبینی دەکرێت 20٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت.
- پارتی مۆدێرەیتی نێوانگیر یان میانڕەو 17٪.
- پارتی سەنتەری میانڕەوە 7٪.
- پارتی چەپی چەپڕەوە کە کۆمۆنیستەکانن 8٪. 
 
- پارتی کریستیان دیموکرات کە پارتێکی میانڕەوی مەیلەو راستە، 6٪ی دەنگەکانی لە راپرسییەکەی پۆلەتیکۆدا بەدەستهێناوە
- پارتی لیبراڵ تاوەکو ساڵانی پێش 2000 کێشەی لەگەڵ راستڕەوە و چەپڕەوەکانیشدا نەبوو، بەڵام لەو ساڵە بە دواوە زیاتر مەیلی راستی هەبووە، چاوەڕێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا 5٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. 
- پارتی سەوز کە گرەو لەسەر بەدەستهێنانی ژینگەدۆستان دەکات، 5٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. 
 
لە پەرلەمانی سوێد دوو جەمسەر هەن:
 
جەمسەری سوور کە پێکدێت لە پارتەکانی سۆسیال دیموکرات، سەنتەر، سەوز و چەپ، بە گوێرەی راپرسییەکەی پۆلەتیکۆ، 51ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. 
 
جەمسەری شین کە لە دیموکراتەکانی سوێد، مۆدێرەیت، کرستیان دیموکرات و لیبڕال پێکدێت، 49٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
 
دانیشتووانی سوێد 10.35 ملیۆن کەسە
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی سوێد:
 
- 19.7٪ی دانیشتووانی سوێد کە یەکسانە بە دوو ملیۆن و 47 هەزار و 731 کەس، لە بنەڕەتدا کۆچبەرن. زۆرترینیان خەڵکی شەش شوێنن:
 
- چوار پارچەی کوردستان
- عێراق
- سووریا
- ئێران
- فینلاند
- پۆڵەندا
 
زۆرترین ئەو رەوەندانەی لە سوێد گیرساونەتەوە، بە بنەچە کوردن کە ئاماری روون و پشتڕاستکراویان دیار نییە، بەڵام ئامارە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم 100 هەزار کورد نیشتەجێی سوێدن. بێگومان ئەوەش رەنگدانەوەی لە تەواوی دەسەڵاتەکانی سوێددا هەبووە، بە دیاریکراویش دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکاری، بە جۆرێک کە ئێستا:
 
- 7 پەرلەمانتاری سوێد کوردن کە سەر بە پارتی جیاجیان.
- زیاتر لە 100 ئەندامی شارەوانییەکان کوردن. 
 
ئامینە کاکە باوە، بە بنەچە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆیە، سێ جار بە دەنگی خۆی حکومەتی ماگدالینا ئەندرسنی لە هەڵوەشاندنەوە رزگارکرد، چونکە لە هەرسێ جارەکەدا دەنگی پشتیوانیکار و دەنگی دژبەر یەکسان بوون و کاکەباوە دەنگی خۆی لە بەرامبەر بەدەستهێنانی کۆمەڵێک بەڵێن بۆ پاراستنی رەوەندی کوردی، خستە تای تەرازووی ئەندەرسنەوە. 
 


AM:10:05:12/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌