چالاکڤانێکی سنە سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت




میترۆ,رووداو 

کەژاڵ نەسری، چالاکڤانی مەدەنی و کولتووری خەڵکی سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. 
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، کەژاڵ نەسری لە رۆژی 12-12-2021دا دەستبەسەر کراوە و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرابوو، بەڵام لقی 1ی دادگەی شۆڕشی شاری سنە سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە و سزاکەشی پێ راگەیێندراوە.
 
کەژاڵ نەسری، چالاکڤانی مەدەنی و کولتووری و خەڵکی گوندی تەنگیسەری سەر بە شاری سنەیە و کۆتایی پاییزی ساڵی رابردوو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و خێزانەکەی تاوەکو 3 هەفتە ئاگاداری چارەنووسی نەبوون. 
 
کەژاڵ دوای ئەوە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا، کە دایکی دوو رۆژ لەبەر دەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا مانی گرت. هەروەها کەژاڵ نەسری لە ساڵانی رابردووشدا چەندین جار بانگی دامەزراوە ئەمنییەکانی شاری سنە کراوە.


PM:02:52:12/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌