سێ هاووڵاتیی ئێران بە هاککردنی دامەزراوە ئەمریکییەکان تۆمەتبار دەکرێن




ئەمریکا سێ هاووڵاتیی ئێرانی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ژمارەیەک پێگە و ماڵپەڕی ئەمریکایان هاک کردووە و هەر بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی سایبەری، سزا بەسەر 10 کەسی دیکە و دوو دامەزراوەی ئێرانیدا دەسەپێنێت.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو سێ هاککەرە ئێرانییە هێرشی سایبەرییان دژی پێگە و ماڵپەڕەکانی کۆمپانیاکانی دابینکردنی کارەبا، حکومەتە خۆجێییەکان، بازرگانییە بچووکەکان و رێکخراوە قازانج نەویستەکان، لەنێویاندا پەناگەکانی پاراستنی خێزان لە تووندوتیژی، ئەنجامداوە.
 
بەگوێرەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراون، سێ گومانلێکراوەکە سەدان دامەزراوەی نێو ئەمریکا و سەرانسەری جیهانیان هاک کردووە، داتاکانیان لێ بردوون و کۆدیان لەسەریان داناوە، هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر پارەیان پێنەدرێت، ئەوا بڵاویدەکەنەوە یان کۆدەکەی لەسەر لانابەن.
 
هەندێک لە نێچیرەکان، بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ملکەچی هەڕەشەی هاککەرە گومانلێکراوەکان بوون و پارەکەیان داوە.
 
ئیدارەی بایدن هەوڵیداوە بەدوای ئەو هاککەرانەدا بچێت، کە پێگەکانی ئەمریکا بە بارمتە دەکەن، کە هەندێکجار نیشتەجێی ئەو وڵاتانەن کە نەیاری ئەمریکان.
 
ساڵی رابردوو، گرووپێکی هاککەری رووسی تۆمەتبارکران بە ئەنجامدانی هێرشی سایبەری بۆسەر هێڵی سووتەمەنیی کۆلۆنیاڵ لە ئەمریکا کە بووە هۆی وەستانی هەناردەکردنی گاز بۆ رۆژهەڵاتی ئەمریکا.
 
بەگوێرەی بەرپرسێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، واشنتن پێیوانییە ئەو سێ هاککەرە گومانلێکراوە بە فەرمانی ئێران کاریان کردبێت، بەڵکو بۆ سوودی دارایی خۆیان ئەو کارەیان کردووە کە هەندێک لە نێچیرەکانیان خەڵکی نێوخۆی ئێرانن.
 
بەرپرسەکە دەشڵێت، تەنانەت ئەگەر ئەو چالاکییانە بە قسەی حکومەتی ئێرانیش نەکرابن، هەر بەهۆی ئەوەوە روویانداوە کە حکومەتی تاران رێگە بە هاککەران دەدات بێ لێپرسینەوە و سزادان کار بکەن.
 
لە رووداوێکی پەیوەندیداردا، هەر لە رۆژی چوارشەممەدا، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 10 کەس و دوو دامەزراوەدا سەپاند، کە بە گوتەی خۆی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا کاریان کردووە و لە ئەنجامدانی هێرشی سایبەری تێوەگلاون.
 
راگەیێندراوەکە هاوکاتە لەگەڵ چەقبەستنی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015.
 
ئیسرائیل و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری گوشار دەخەنە سەر بایدن بۆئەوەی هەڵوێستی تووندتر بەرامبەر بە ئێران بنوێنێت و دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە بە شکستخواردوو ناودەبەن.
 
ئەو سێ هاککەرەی کە ئەمریکا باسیان لێدەکات، دەگوترێت لەنێو ئێراندان و دەستگیر نەکراون، بەڵام بەرپرسەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا گوتی، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراون وا دەکەن دەرکەوتنیان لەو وڵاتە "ئەستەم بێت."
 
لە دادگەی فیدراڵی لە نیوجێرزی سکاڵا لە هەرسێ گومانلێکراوەکە تۆمار کراوە، کە لەو ویلایەتەدا ژمارەیەک شارەوانی و دامەزراوەی ژمێریاری بوونەتە نێچیری هاککردنەکە.
 
ئەو هاککردنەی ئەمریکا باسی دەکات، دەگوترێت لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020ـەوە تاوەکو مانگی رابردوو روویداوە. سێ گومانلێکراوەکە بریتین لە: مەنسوور ئەحمەد، ئەحمەد خەتیب ئاغدا، ئەمیر حوسەین نیکاین رەڤاری.

-Rudaw



PM:01:22:15/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌