گۆرانیبێژێکی کورد دەبێتە ناوێکی دیار لە ئەڵمانیا




کچە گۆرانیبێژێکی کورد بە دەنگە خۆشەکەی میدیای ئەڵمانی هەژاندووە. ئەو یەکەمجار لە بەرنامەی "زی ڤۆیس جێرمەنی" ناسرا. دواتریش لەنێوان ساڵانی 2007 و 2018 بە چەند گۆرانییەک بووە ناوێکی ناسراو لەو وڵاتە. 
 
دیلان خۆشناو، گۆرانیبێژ و ئەندازیارە و، لە ئەڵمانیا دەژی. لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، گوتی، لەنێوان کاری ئەندازیاری و هونەری عەشقی هونەرەکەیەتی. گوتیشی، "زیاتر گرنگیم بە خوێندنەکەم داوە لەچاو هونەرەکەم، بەڵام عەشقی هونەرەکەمم".
 
ئەو گۆرانیبێژە کوردە باسی لەوە کرد کە هەرچەندە بە چەند زمانێکی جیاواز گۆرانی گوتووە، "بەڵام زیاتر گۆرانی بە زمانی ئەڵمانی دەڵێم و کاتێک بۆ یەکەمجار لە بەرنامەی زی ڤۆیس جێرمەنی دەرکەوتم، خەڵک لەسەر شەقام و لەنێو شوێنە گشتییەکان منیان دەناسییەوە و بۆمن شۆک بوو."
 
دیلان ماوەیەکە کەمتر گۆرانی دەڵێت، لەوبارەوە باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەوەی ماوەی چوار ساڵ زیاترە گۆرانی نەگوتووە، "بۆیە ئێستا خەڵک کەمتر دەمناسن".
 
ئەو گۆرانیبێژە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەندازیارییەکەی هیچ رێگەی هونەرەکەی لێنەگرتووە و بە پێچەوانەشەوە، بۆیە دەڵێت، "ئەندازیاری و هونەر تەواوکەری یەکدین بۆمن".

-Rudaw



AM:10:20:17/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌