سەدان هەزار کەس بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی شاژنی بەریتانیا دەکەن




بە درێژایی شەقامەکانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، خەڵک لە ریزدا وەستاون بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی شاژنی ئەو وڵاتە پێش ئەوەی رۆژی دووشەممە بە خاک بسپێردرێت.
 
لە ئەمریکاوە تاوەکو هیندستان، لە خەڵکی ئاساییەوە تاوەکو سەرۆک و سەرۆکوەزیران سەردانی شارەکە دەکەن بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنە ئێلیزابێزی دووەم بەشدار بن کە 8ی ئەم مانگە دوای 70 ساڵ و حەوت مانگ لە فەرمانڕەواییکردنی شانشینی یەکگرتوو، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
ماتەمینیی نیشتمانی لە بەریتانیا 
 
شانشینی یەکگرتوو لە ماتەمینیی نیشتمانیدایە؛ ئاڵاکان بۆ نیوە هێنراونەتە خوارەوە. خەڵک لە بەردەم کۆشکە شاهانەییەکان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە شاژن بکەن. میدیاکانی سەرانسەری جیهان وەکو یەکێک لە رووداوە هەرە گەورەکانی سەدەی 21 رووماڵی رێوڕەسمی پرسە شاهانەکە دەکەن. 
 
ماوەی دوو رۆژە تەرمی شاژن لە کۆشکی وێستمنستەرە لە لەندەن و تا دوو رۆژی دیکەش لەوێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بڕۆن بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لێ بکەن. 
 
رۆژی دووشەممە کاژێر 6:30ی بەیانی بە کاتی لەندەن (8:30ی بەیانی بە کاتی هەولێر) تەرمەکەی دەگوازرێتەوە بۆ کەنیسەی سەینت جۆرج لە قەڵای وینزەر و لەوێ لەگەڵ هاوژینەکەی لە تەنیشت باوک، دایک و خوشک و ئەندامانی دیکەی خێزانی شاهانە بەخاک دەسپێردرێت. 
 
هۆتێل، رێستورانت و فرۆشگەکانی لەندەن بەهۆی سەردانیکارانی بەشەکانی دیکەی شانشینی یەکگرتوو و دەرەوەی وڵاتیش پڕبوون. 
سەردانیکاران کە لە شوێنە دوورەکانی وەکو ئەمریکا و هیندستانەوە بۆ بینینی رووداوە مێژووەکە رۆشتوون، بووژانەوەیەکیان بە هۆتێل، قاوەخانە، خواردنگە، فرۆشگە و شوێنکارەکانی دیکەی لەندەن داوە، لە کاتێکدا کە ئابووریی بەریتانیا رووبەڕووی قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان دەبێتەوە کە بەرزترین هەڵاوسانی چوار دەیەی رابردووشی هاتووەتە سەری. 
 
کاناکاتن بێنێدیکت، هاووڵاتیی هیندستانی کە لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی لەندەنی کردووە، دەڵێت: "ئەمە مێژووە، ئەمە تەنیا جارێک لە ژیاندا روودەدات."
 
بەشداریکردنی سەرکردەکان 
 
چاوەڕوان دەکرێت سەدان هەزار کەس لەم چەند رۆژەدا سەردانی پایتەختی بەریتانیا بکەن بۆ ئەوەی رێزی خۆیان بۆ شاژن بنوێنن، پێش ئەوەی رۆژی دووشەممە بە خاک بسپێردرێت، ئەوەش وایکردووە خواست لەسەر هۆتێلەکانی نێوەڕاستی لەندەن زیادبێت. بۆ نموونە، نرخی مانەوەی دوو شەو لە ژوورێکی هۆتێلی "وۆتەرلۆ پارک پلازا" کە 14 خولەک لە شوێنی بە خاک سپاردنی شاژنەوە دوورە، گەیشتووەتە هەزار و 299 پاوەند، لەکاتێکدا بەر لە هەفتەیەک 269 پاوەند بوو. هەروەها نرخی دوو شەو مانەوە لە زنجیرە هۆتێلەکانی تراڤیڵۆجی لەندەن بۆ  439 پاوەند و 98 سەنت بەرزبووەتەوە کە پێشتر نرخەکە 159 پاوەند بوو. 
 
سەدان سەرکردەی جیهان لە سەرۆکی ئەمریکاوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئیمپراتۆری ژاپۆن پێویستیان بە شوێنی مانەوەیە کاتێک کە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شاژندا دەگەنە ئەو وڵاتە. 
 
هەروەها هەزاران پۆلیس لە شارەکانی دیکەی بەریتانیاوە بردراونەتە لەندەن بۆ پاراستنی ئاساییش کە ئەوانیش پێویستیان بە شوێنە. 
 
بە گوێرەی پێگەی Hotelplanner.com کە تایبەتە بە خزمەتگوزاریی هۆتێل، چاوەڕێ دەکرێت پڕبوونی هۆتێلەکان بگاتە 95٪. 
 
کافێی ریڤەرساید لەسەر رووباری تەیمس دەکەوێتە تەنیشت ریزی درێژی ئەوانەی بۆ بینینی تەرمی شاژن سەردانی کۆشکی وێستمنستەر دەکەن، لەم چەند رۆژەدا بەگوێرەی زاب ئیستانیکی، بەڕێوەبەری کافێیەکە، "لە رادەبەدەر سەرقاڵ" بووە، بە جۆرێک کە ئێستا دوو کاژێر زیاتر کافێیەکە دەکرێتەوە. 
 
ئیستانیک دەڵێت: "کاتێک کە دایکی شاژن لە ساڵی 2002 کۆچی دوایی کرد، ئێمە بەم شێوەیە سەرقاڵ بووین، بەڵام ئەوکات هێندەی ئێستا قەرەباڵخ نەبوو."
 
هەر لە نزیک ئەو شوێنە، خواردنگەکەی جەیسن ریچ نۆرەی بۆ گیراوە. ریچ دەڵێت: "ئەمە ریزێکی درێژە. بێگومان بووژانەوەیەکی باشی بە کارەکەمان داوە."
  
بووژاندنەوەی ئابووریی بەریتانیا
 
بەریتانیا هەر لە بنەڕەتدا شوێنێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران کە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی رووی لە بەرزبوونەوە کرد. ساڵی رابردوو 6.4 ملیۆن گەشتیار سەردانی بەریتانیایان کردووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 26.7 ملیۆن کەس بەرزبێتەوە.
 
ئابووریی بەریتانیا بەهۆی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی لە ئەنجامی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لەژێر گوشارێکی گەورەدایە کە بووەتە هۆی دروستبوونی یەکێک لە خراپترین گرانییەکانی وڵاتەکە. 
 
حکومەت رایگەیاندووە کە سنوورێک بۆ نرخی وزە بۆ خێزان و شوێنکارەکان دادەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نرخ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. 
 
لە نێو کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییە دیموکراسییەکەدا یان جی 7، بەریتانیا بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی هەیە کە 9.9٪ـە. 
لەو پاشەکشە ئابوورییەدا ئەو پارەیەی لە لایەن گەشتیارانەوە خەرجدەکرێت، ترووسکەیەک هیوای بە خاوەن کارەکانی بەریتانیا داوە. 
 
سەدیق خان، سەرۆکشارەوانیی لەندەن دەڵێت: "ئەگەر باس لە کەرتی میوانداری بکەین، نەک تەنیا هۆتێلەکان، بەڵکو رێستورانت، باڕ و یانەکان، سێ ساڵی زۆر خراپیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەڕێکردووە."
 

-Rudaw


AM:11:24:18/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌