کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لە خۆپێشاندانەکەی سەقز کوژراو و بریندار هەن




هاوسەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، لە خۆپێشاندانەکانی دوێنێی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی گیانلەدەستانی ژینا ئەمینی لە سەقز و سنە بەڕێوەچوون، "چوار کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا". دەشڵێت: "لە تاران 15 کەس و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران و چالاکڤانان گیراون".
 
رۆژی یەکشەممە 18-9-2022 باهۆز هۆژەبری، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "بەیانیی دوێنێ لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی ژینا ئەمینی بۆ سەقز، ناڕەزایەتییەکان دەستیانپێکرد".
 
رۆژی شەممە 17-09-2022 لە رێوڕەسمێکی قەرەباڵخدا و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس تەرمی ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی کە بە پاساوی "پابەند نەبوونی بە بڕیاری باڵاپۆشییەوە" دەستگیرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا، بە خاک سپێردرا.
 
دوای بە خاک سپاردنەکەی، بەشداربووانی رێوڕەسمەکەی ژینا ئەمینی چوونە بەردەم قایمقامییەتی سەقز و درووشمیان دژی دەسەڵات گوتەوە کە بەهۆیەوە گرژی لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو. 
 
باهۆز هۆژەبری دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەیانویست بەبێ هیچ رێوڕەسمێک تەرمی ژینا بەخاک بسپێردرێت، بەڵام باوک و کەسوکاری بەوە رازی نەبوون و رێوڕەسمەکە کاژێر 10:00ی بەیانی بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چووبوون، لە گۆڕستانی سەقز بەڕێوەچوو".
 
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گوتی: "لە تاران و لەبەردەم نەخۆشخانەی کەسراش 15 کەس دەستگیرکران کە پێنجیان ژنن و ناسنامەی دووانیان ئاشکرابووە. یەکێکیان ناوی زانیار محەممەدنەژادە و تەمەنی 24 ساڵە و خەڵکی سنەیە. ئەوی دیکەشیان ژنە ناوی لەیلا میرغەفارییە".
 
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گوتی: "لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان لە سەقز و سنە، خەڵکێکی زۆر گیران کە تا ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە و زانیاری ئەوەشمان پێگەیشتووە کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چالاکڤانانی مەدەنی".
 
بەپێچەوانەی ئامارەکەی جێگری پارێزگاری سنە کە گوتی تەنیا دوو خۆپێشاندەر برینداربوون، باهۆز هۆژەبری دەڵێت: "چوار کەس بریندار بوون کە ناسنامەی سێ کەسیان ئاشکرا بووە و ناویان ماهروو هیدایەتپوور، ئەمیر عابدی، پارسا سیحەتە.

کەسێکیش بە ناوی کیان درەخشانی گیانی لەدەستدا کە فیشەک بەر سەری کەوتبوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".
 
رۆژی سێشەممە 13ـی ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ، کچە کوردی دانیشتووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی سەردانێکیدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ تاران بە تۆمەتی "پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە" لە لایەن یەکەیەکی پۆلیسی ئێران کە بەرپرسن لە چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان کە بە "پۆلیسی رەوشت" ناسراون، دەستبەسەرکرا. 
 
دواتر میدیای ئێران لەسەر زاری خێزانی ژیناوە رایگەیاند، چەند کاژێرێک دوای دەستبەسەرکردنەکەی، ژینا ئەمینی "لە باری کۆمادا" گەیێندراوەتە نەخۆشخانە. 

-Rudaw


AM:11:34:18/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌