كەركووك: هێزە ئەمنییەكان هەڕەشە لە دوو ڕۆژنامەوانی کورد دەکەن





میترۆ، باسنیوز 
هێزە ئەمنییەكانی کەرکووک هەڕەشە لە دوو ڕۆژنامەوانی کورد دەکەن و بەهۆی مەترسی لەسەر گیانیشیان دوو ڕۆژنامەنووسەکە کەرکووک بەرەو هەولێر جێدەهێڵن.

مەریوان جەلال، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی كەركووكی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوێنێ پێجشەممە هەردوو رۆژنامەوان هەژار كاكەیی و محەمەد جەباری کە لە کەناڵێکی ئاسمانیی کوردیی نزیک لە پارتی دیموکراتی کار دەکەن، لەسەر بڵاوكردنەوەی راپۆرتێكیان لەسەر پارێزگاری سەپێندنراوی كەركووك، لەلایەن دەزگای هەواڵگیری كەركووكەوە بانگهێشتکراون و هەڕەشەیان لێکراوە و پاشان باجی كاری راگەیاندنیان لێوەرگیراوەتەوە".


ڕوونیشیکردەوە کە هەرچۆنێک بێ ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە خۆیان لەدەست دەزگای هەواڵگریی کەرکووک دەرباز کردووە و کەرکووکیان جێهێشتووە و چوونەتە شاری هەولێر.


گوتیشی: "لە سایەی دەسەڵاتی سەپێندراوی سەربازی لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە لە كەركووك، وێڕای ئەوەی دۆخی ئەمنیی كەركووك نالەبارە، چالاكی سیاسیی سنووردار كراوەو و هەروەها لەلایەن هێزە چەكدارەكانیشەوە زۆرجار پێشێلكاری بەرامبەر راگەیاندنكاران دەكرێت".


AM:10:59:23/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌