بەتۆمەتی 'جنێودان بە خەڵک' کەسێک لە دهۆک دەستگیردەکرێت




میترۆ,رووداو 


لەسەر سکاڵایەکی دادوەری داواکاری گشتیی قەزای سێمێل، کەسێک بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن و جنێودان بە خەڵکی دهۆک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان" دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.
 
دادوەر حەکیم عەبدولواحید، دادوەری داواکاری گشتیی قەزای سێمێل ئەمڕۆ سێشەممە 20-09-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە تۆمەتی جنێودان بە خەڵک سکاڵامان لەسەر ئەو کەسە تۆمار کرد، چونکە قسەیەکی نەشیاوی بە خەڵکی دهۆک گوتووە لە سۆشیاڵ میدیا."
 
ئەو کەسەی بەو تۆمەتە دەستگیرکرا و دواتر ئازاد کرا، ناوی میر موراد ئەڤریکییە و "کەسێکی ناسراوی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە" لە دهۆک.
 
ئەو دادوەرە باسی لەوەش کرد کە ئەمڕۆ سێشەممە میر موراد ئەڤریکی بانگکراوە و گوتەی لێ وەرگیراوە، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە.
 
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک چووە ماڵی میر موراد، لەبارەی دەستگیرکردنەکەی باسی لەوە کرد، "بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرەی پارتی خۆم هەڵبژارد، بەڵام دەرنەچووم، بۆیە لە هاوڕێکانم تووڕە بووم و هەندێک قسەی سووکم پێگوتن، هیچ تەشهیرکردنێکی تێدا نەبوو."
 
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەیشی، میر موراد باسی لەوە کرد، هەندێک خەڵکی "ئۆپۆزیسیۆن" ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێت، "من یەکێکم لەو کەسانەی کە بەردەوام بەرگری لە شاری دهۆک دەکەم. ئەمڕۆ داواکاری گشتی بانگی کرد و گوتەی لێوەرگرتم، دادگە و حکومەت هەرشتێک بڵێت پێی رازیم."
 


PM:12:03:21/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌