راگەیاندراوێكی هۆشداری لە دەزگای میدیایی بوار



بۆ بەڕێزان/
 هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
باڵیۆزخانە، كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان لە كوردستان و عێراق
رێكخراوەكانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە 9/10/2022، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی، سەرنووسەری دەزگای میدیای بوار و ابراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیوەندیدابووین لەگەڵیان و بڕیار بوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر.

بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوە(كاتژمێر شەشی ئێوارە) تاوەكو بڵاو كردنەوەی ئەم راگەیاندراوە ژمارە مۆبایلەكانیان داخرایە، بەڵام ناوە ناوە هێڵی ئینتەرنێتیان دەكرێتەوە و دادەخرێت، سەرباری ئەوەی هیچ وەڵامێكیان نییە.
ئەوەی بۆتە جێگەی گومانی ئێمەمانان لەدەزگای میدیایی بوار، كاتژمێر (9:24) نۆ و بیست و چوار خولەك لە رێگەی ئەكاونتی ابراهیم عەلی، ئەكاونتێكی تر كە ناوی لای ئێمە پارێزراوە كراوەتە ئەدمین لە دەزگای میدیایی بوار لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك.

لەرێگەی ئەم راگەیاندراوە هەر سێ سەرۆكایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین تاوەكو سۆراغی ئەم دوو هاوكارەمان دەزانین و سەلامەتیان لە ئەستۆی دامەزراوەكاندایە.
لە ئێستاشدا لەگەڵ سەرجەم باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی وڵاتان لە عێراق و كوردستان لە پەیوەندیداین بۆ سۆراغی هاوكارانمان.
دەزگای میدیایی بوار
كاتژمێر یەكی بەرەبەیانی 10/10/2022


AM:10:53:10/10/2022




ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌