ژنێڤا كۆڵ و میترۆ درێژە بە هاوبەشییان دەدەن




هەردوو رێكخراوی ژنیڤا كۆڵ و سەنتەری میترۆ، رێككەوتن برەو بە پەیوەندییەكانیان بدەن و بەردەوامی بدەن بەو چالاكییانەی پێشتر بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە. 

ئەمرۆ 19ی تشرینی یەكەم، وەفدێكی ژنیڤا كۆڵ سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆیان كرد لە شاری سلێمانی.

وەفدەكە پێكهاتبوون لە (هیشام خەزروای)، سەرۆكی چالاكییە نێودەوڵەتییەكانی رێكخراوی ژنێڤا كۆڵ، (عاتف حەمید)، سەرۆكی نێردەی عێراق ، (سەردار سدیق) رێكخەری پرۆگرام و هەوراز سەعدی رێكخەری كارگێڕی و دارایی رێكخراوەكە. 

هەردوولا هاوڕابوون لە برەودان بە پەیوەندییەكانیان و بەردەوامی بدەن بەو چالاكییانەی پێشتر بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە لەچوارچێوەی هۆشیاركردنەوە بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی.

پێشتر سەنتەری میترۆ بە هاوكاری رێكخراوی (ژنێڤا كۆڵ)، چەند خولێكی بۆ كۆمەڵێك رۆژنامەنوس، دەربارەی چۆنێتی پاراستنی ئاوارە لەكاتی پێكدادانە چەكدارییەكان و دواتردا، رێكخستووە.

بابەتی خولەكان گرنگیدان بوو  بە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و روماڵی میدیای لە بارودۆخی پێكدادانی چەكداریدا، چۆنێتی روماڵكردنی بارودۆخی مرۆیی قوربانیانی شەر بە تایبەتیش ئەو كەسانەی كە بەهۆی شەرەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێدەهێڵن.

لەو كۆبونەوەیەدا جەختكرایەوە كە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لەو ناوچانەی كە ململانێ و پێكدادانی چەكداری بەرۆكی خەڵكی گرتووە، دەبێت زامن و نەخشەرێ بێت  بۆ پاراستنی  هاوڵاتیانی سڤیل و بریندار و نەخۆش و دیلەكانی جەنگ.

هەردولا هاورا بووین كە میدیا رۆڵێكی ئێجگار گرنگ دەبیینن لەم سەردەمەی ئێستادا، پێویستە كاری هاوبەش ئەنجام بدەین بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەزموونی رۆژنامەنوسان لە روماڵكردنی گرفتەكانی ئاوارەیی لە شەرو ململانێی چەكداری و خستنەروی لایەنی مرۆیی ژیانیان و تێكەڵنەكردنیان بە سیاسەت.

رێكخراوی Geneva Call بانگەوازی ژنێف (ژنێڤا كۆڵ)، رێكخراوێكی ناحكومی بێلایەنە، ساڵی 2000 لە سویسرا دامەزراوە، كاردەكات بۆ ئەوەی هێزە چەكدارەكان رێز لە پێودانگی نێودەوڵەتی تایەت بە پاراستنی خەلكی مەدەنی بگرن لە كاتی سەرهەڵدانی پێكدادانی چەكداری.


PM:12:14:20/10/2022




ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌