سەنتەری میترۆ: لەبری تاوانکاران رۆژنامەنووسان دەخرێنە زیندانەوە و لەگەڵ ژنکوژان و بارزگانانی تلیاکدا دادەنرێن




سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە رۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزادا راگەیاندراوێکی لەژێر ناونیشانی "تێپەڕبوونی زەمەن، تاوان ناسڕێتەوە"، بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەبری تاوانکاران رۆژنامەنووسان دەخرێنە زیندانەوە و لەگەڵ ژنکوژان و بارزگانانی تلیاکدا دادەنرێن."

سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە، لەم رۆژەدا سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، رێوشوێنی كاریگەر بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی بكەرانی تاوان و پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، بەرگرتن لە دەربازبوونیان لە سزا.

سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەپێی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور كە ئۆفیسی سەرەكی لە وڵاتی فەرەنسایە، لە كۆی ١٨٠ وڵات، عێراق لە ١٠ خراپترین وڵاتی جیهانە بۆ كاری رۆژنامەنووسان و ئازادی كاركردنیان، بە بەراوردیش بە ساڵی ٢٠٢١ عێراق نۆ پلە پاشەكشێی كردووە."

باسی لەوەشکردووە، "لە شارەكانی هەرێمی كوردستناندا لە بری لێپێچینەوە لە تاوانكاران، راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا و سزادانیان، رۆژنامەنووسان راپێچی زیندانەكان دەكرێت، لەگەڵ ژنكوژان و بازرگانانی تلیاك و دزو چەتە و تۆمەتبارانی كەیسی گەندەڵی، دەخرێنە یەك هۆڵەوە، لە بری پۆلیس دژە تیرۆر دەستگیریان دەكات، لە بری ژووری لێكۆلینەوەی بنكەكانی پۆلیس ئازادكردنیان بە كەفالەت، لە زیندانی ئاسایش توند دەكرێت."

سەنتەری میترۆ راشیگەیاندووە، "راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور، کە لە سەرەتای ئایاری ئەمساڵ بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوکرایەوە باسی لەوەکردوە کە لە عێراقدا چوار رۆژنامەنووس لە زیندانن و هەر چوار کەیسەکە لە هەرێمی کوردستانن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە كاتێكدا لەگەڵ جیهاندا یادی ئەو رۆژنامەنووسانە دەكەینەوە، كە هیچ تاوانێكیان نەبوو جگە لەوی رۆژنامەنووس بوون و تیرۆركران و بكەرانیان ئازادانە لەناوماندا دەسوڕێنەوە، داوا لە دەزگای دادوەری دەكەین سەرلەنوێ بە حوكمەكانی رۆژنامەنووسان، (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم، قارەمان شوكری)، بچنەوەو ئازاد بكرێن."

لە هەمانکاتدا، سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، "تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان و كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا و فەراهەمكردنی زەمینەی لێپرسینەوە و راپێچكردنی ئەوانەی تاوان دەكەن بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بۆ بەردەم دادگا."

ئەمڕۆ ٢ی تشرینی دووەمە و كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە خولی (٦٨) هەمینی خۆیدا لە ساڵی (٢٠١٣) بە پشت بەستن بە بڕیاری (68/163) رۆژی ٢ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكی دەستنیشان كرد بە رۆژی جیهانی بەرگرتن لە دەربازبوون لە سزای ئەو تاوانانەی كە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت.

-Nrt


AM:09:21:03/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 1596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌