هێزی نەناسراو پەلاماری تیمەكانی راگەیاندن دەدەن




13ی تشرینی دووهەمی 2022: سەنتەری میترۆ ئیدانەی دەستدرێژی و دەستبەسەركردن و زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكانی راگەیاندن دەكات لە لایەن "هێزێكی نەناسراو" لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، داوا لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەكات روونكردنەوە بۆرای گشتی بدەن.

ئەمرۆ یەكشەممە 13ـی 11ـی 2022 بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانیان كرد و هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ هەوڵیان دا بڵاوەیان پێكردن و بەشێكیان هاتنە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەر شەقامی سالم.

چەند رۆژنامەنوسێك بە سەنتەری میترۆیان راگەیاند، لە دەوروبەری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە لایەن چەند گروپێكەوە پەلاماردراون كە هیچ ناسنامەیەكیان هەڵنەواسیوە وەك ئەوەی كە ئاسایش و پۆلیسی پێدەناسرێنەوە.

بڕیار نامیق پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە سەنتەری میترۆی راگەیاند لە پەخشی راستەوخۆدا بووە كاتێك كە هێزیك بە بەرگی مەدەنییەوە داواین لێكردوە پەخش رابگرێت ووتی" پێم ووتن بەسەرچاو باكۆتایی پێبێنم پاشان بەجوێندان پەلاماریان داین" جەختیكردەوە" پەلاماری هەردوو وێنەگركەم ، رێبین فەریق و ژیار كامیل یان داو كامێراكەیان زەوتكردین" 
تا ئێستا كامێراو ئامێری پەخشی راستەوخۆی كەناڵی كەی ئێن ئێن لای ئەو هێزەیەو سەنتەری میترۆ نازانێت لەكام دەزگا داوایان بكاتەوەو بیگەڕێنێتەوە بۆ كەناڵەكە.

بەهەمان شێوە هێزێكی تر بە بەرگی مەدەنی پەلاماری تیمی وێستگە نیوزی داو،  دەستبەسەری كردوون و دەستیان بەسەر كەلەپەلی رۆژنامەوانییان گیراوە، تیمەكە راپێچ كراوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلێك بۆ ماوەی نیو كاتژمێر.

زانیار مەریوان، وێنەگری وێستگە نیوز بە میترۆی ووت" هێزەكە بەوەشەوە نەوەستان داوایان لێدەكردم پەیوەندی بكەم بە پەیامنێرەكەمان تا دەستبەسەری بكەن"
لە لایەكی ترەوە هێزێكی ئاسایشی ناوخۆ، لە نزیك مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامنێری وێستگە نیوز ( لەنیا بەخیتار) راپێچی ناو ئۆتۆمبێلەكەیان دەكەن و دەیانبەنە كۆڵانێكی پشت دادگای سلێمانی و پێیان دەڵێن ئێستا دەتوانن بڕۆنەوە.

لەنیا بە میترۆی ووت" چەند خوێنكارێكی زانكۆیش لەناو هەمان ئۆتۆمبێل بووین، كە لە ئۆمبێلەكە دابەزیین پێیان ووتین: نەتانبینینەوە"
ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر تیمەكانی راگەیاند پێچەوانەی بڕگەی چوارەمە لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە ئیدانەی دەستدرێژی و دەستبەسەركردن و زەوتكردنی كەلەپەلی رۆژنامەوانی تیمەكانی راگەیاندن دەكات لە لایەن هێزێكی نەناسراو لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، داوا لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەكات روونكردنەوە بۆ رای گشتی بدات.

بوونی هێزی نەناسراو لەناو خۆپیشاندان، كە هیچ جۆرە هێمایەكیان هەڵنەواسیبێت، توندوتیژی بەرامبەر تیمەكانی راگەیاند ئەنجامبدەن، پێشهاتێكی ترسناكە بۆ مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ چالاكی مەدەنییدا.

-Rudaw


AM:10:03:15/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 1444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌