لە تەقینەوەکەی شەوی رابردووی دهۆک کە بەهۆی تەنکیی غازەوە بوو پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 32 کەسی دیکەش برینداربوون. پارێزگاری دهۆک دەڵێت، دوو رۆژ ماتەمینی گشتیی لە پارێزگاکە رادەگەیێنن.
رۆژی سێشەممە 22-11-2022 ، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک راگەیاند "بەهۆی گیانلەدەستدانی پێنج قوربانیی رووداوە دڵتەزێنەکەی دهۆک، دوو رۆژ ماتەمینی گشتیی لە پارێزگاکە رادەگەیێنین، جێگەی قوربانییان بەهەشت بێت."
درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی گرێ باسێ لە دهۆک تەقینەوەکە روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 32 کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها زیان بە چەند ئۆتۆمبێل و ماڵێک گەیشت.
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە، تەقینەوەکە لە سیستمی غازیی فڕنێکدا بووە کە بەشە ناوخۆییەکیش لە نهۆمی سەرەوەی فڕنەکەدا بووە.
لەنێو ئەو کەسانەی کە لە تەقینەوەکەی دهۆک گیانیان لەدەستداوە ئەفسەرێکی پۆلیس، دوو پۆلیس، خوێندکارێکی زانکۆ و کرێکارێکە.
عەلی بەرواری - ئەفسەری پۆلیس
غەفوور عومەر- پۆلیس
کوڤان محەممەد سەعیدە - پۆلیس
نیهاد عەلی سەعدوڵڵا - خوێندکار
ئەیاد سعود ئەحمەد - کرێکار
مەسرور بارزانی، سهرۆکوەزیرانی ههرێمی کوردستان دوای تەقینەوەکانی سلێمانی و دهۆک بەهۆی سیستمی غاز، بڕیاریدا کارکردن به سیستمی غاز لە هەرێمی کوردستان رابگیرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووکەکەی لەبارەی رووداوەکەی دهۆک دەڵێت "هێشتا برینی کارەساتەکەی سلێمانیمان لەدڵە و بەداخەوە ئەمجارە کارەساتی تەقینەوەی غاز لە دهۆک هاتەسەر کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چەند کەسێک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، بەهەشت شوێنی کۆچکردووان بێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارانی ئەم رووداوە ناخهەژێنە دەخوازم."
هەروەها هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری دهۆک پرسە و سەرەخۆیشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی دهۆک کرد و رایگەیاند "پرسەی گشتیی لە سنووری پارێزگاکەمان رادەگەیێنین، پرسە و پەژارەی خۆمان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا؛ بۆ بریندارەکان دەخوازین."
پارێزگاری دهۆک دەشڵێت "هاوکاریی و ئامادەیی پارێزگاکەمان بۆ هەر ئەرکێک دەردەبڕین و پشتیوانیی بەڕێزان پارێزگاری دهۆک و هەموو دامودەزگەکان دەبین."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە برینداربوون. هەروەها لە تەقینەوەکەی شەوی رابردووی دهۆک تاوەکو ئێستا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسیش برینداربوون.
زیاتر لە 18 ساڵە سیستەمی شۆفاژ و غازی LPG لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدراوە؛ لە هەولێر 15 کۆمپانیا و لە سلێمانی 33 کۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە.
-rudaw